سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 8ی تەمووزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و تێیدا سوپاسی ڕۆڵ و ماندووبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتیی کرد و دەستخۆشی لێ کردن کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا کارەکانی خۆیان بەباشی بەجێ گەیاندووە و پابەندی ئەرکەکانیان بوون. داواشی کرد بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان لە بوارە جیا جیاکان و خزمەتی کوردستان و پارتی بکەن.

سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی ئومێدی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و فەرهەنگ و ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردستانی بێت.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی هێمای بە بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ دا و پەیوەست بەم تەوەرانە، بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستە ڕوو.

Back to top button