سەرەتای حەفتەی داھاتوو دووکانەکانی بازاڕی سپی دابەش دەکرێن

بڕیارە ڕۆژی شەممەی داھاتوو لە ڕێوڕەسمێکدا دووکانەکانی بازاڕی سپی لە شاری ھەولێر بەسەر خاوەنەکانیاندا دابەش بکرێن و دیوانی پارێزگای ھەولێریش ئاشکرای کرد، دابەشکردنی دووکانەکان بە شێوەی تیروپشک دەبێت.

بازاڕی سپی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر شەقامی سەرەکیی ١٢٠ مەتری بە گوژمەی ١٤ ملیار دینار دروست کراوە و پێشتر بازاڕەکە لە جەمەلونی و ماددەی دیکە پێک ھاتبوو و لە گەڕکی کوردستان بوو، بەڵام بەھۆی ناڕێکیی بازاڕەکە چەندین جار گڕی گرت و زیانی گەورەی بە کاسبکاران گەیاند.

دیوانی پارێزگای ھەولێر داوا لە دووکاندارانی بازاڕی سپی دەکات، ڕۆژی شەممە لە ھۆڵی میدیا ئامادە بن بۆ دابەشکردنی دووکانەکانی نێو بازاڕی سپی، ھاوکات دیوانی پارێزگای ھەولێر ھۆشداریی داوەتە ئەو کەسانەی قیستی سێیەمیان ڕادەستی حکوومەت نەکردووە و ناویان ناخرێتە نێو تیروپشکەوە.

بازاڕی سپی پێشتر بە بازاڕی سیمەکە ناسراو بوو، بەھۆی ھەرزانیی نرخی کەلوپەل ڕۆژانە سەدان ھاووڵاتی بۆ بەدەستھێنانی پێداویستیی ڕۆژانە سەردانی بازاڕەکەیان دەکرد.

Back to top button