سەعید ھەرکی: پێویستە پرسی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی یەکلا بکرێتەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە دەبێت بابەتی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی یەکلا بکرێتەوە و دەشڵێ، سندووقەکانی ئێمە کراوەن بۆ وەرگرتنی سکاڵای ھاووڵاتیان لەبارەی گەندەڵی.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی  ڕاگەیاند: “ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی کۆبوونەوەمان نەبووە و چەندین تێبینیمان ھەبووە لەسەر کارەکانی دەستەکە، لەبەر ئەوەیش سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دەستەکە بانگھێشتی پەرلەمان کران و لەسەر ژمارەیەک خاڵ کۆ بووینەوە، یەکێک لەو پرسانە سەرۆکی دەستەی دەستپاکییە و لە ساڵی 2013 ماوەکەی تەواو بووە، پێویستە پرسی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکی دەستە یەکلا بکرێتەوە، ھەروەسا ئەو کەیسانەی گەیشتوونەتە دەستە تا چەند کاری لەسەر کراوە و ھەندێ کەیس ھەن یەکلا نەکراونەتەوە.”

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی گوتیشی: “ئێمە وەک پەرلەمان پەیوەندییمان لەگەڵ دەستە و خەڵکیش باشە، چونکە سندووقەکانی ئێمە وەک لیژنەی دەستپاکی کراون بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانیان لەبارەی گەندەڵی، سکاڵایەکی زۆر دەگەنە لیژنە و ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی دەکرێن، نایشارینەوە ھەندێ جار ڕێکارەکانی دەستە بە دڵی ئێمە نییە، بەڵام ئەوانیش بەھانەی خۆیان ھەبووە، لەوانە دەستوەردانی حزبی و نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند.”

سەعید ھەرکی ڕوونی کردەوە: “ئێمە تێبینیمان لەسەر بەدواداچوونی پڕۆژەیاسای چاکسازی ھەیە و گلەییی خۆمان گەیاندە دەستە، لەبەر ئەوەیش پێویستە دەستەی دەستپاکی ھەنگاوی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت.”

 

Back to top button