سەفین دزەیی: لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە شاندەکانی هەرێم دەکرێت

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا بە جۆرێک بەهێز بووە، کە لەسەر ئاستی باڵا لە وڵاتان پێشوازی لە شاندەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە پێشتر ئەو دەرفەتە بۆ کورد نەدەڕەخسا.

سەفین دزەیی  ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و فەڕەنسا، گرنگیی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، کە پێشتر ئەو جۆرە دەرفەتانە بۆ کورد نەدەڕەخسان، بەڵام ئێستا لە ئاستی باڵا لە وڵاتان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان پێشوازی لە شاندەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە ئەمەش گرنگیی هەرێمی کوردستان و بەهێزیی پێگەی هەرێم نیشان دەدات.

دزەیی گوتیشی: “لەو سەردان و کۆبوونەوانەی لەگەڵ وڵاتان دەکرێن، باس لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق و پەیوەندیی هەرێم و وڵاتان دەکرێت، بۆیە ئەمە وادەکات زیاتر پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لە رووی دیپلۆماسییەوە پێش بخات، چونکە ئێستا پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ئەو رێگەیە بە هەرێمی کوردستان دەدات ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسیانە لەگەڵ وڵاتان دروست بکات، بۆیە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئیمارات و فەڕەنساش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک وڵاتی تازەدا دروست بکرێت و لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەیوەندیشمان هەیە، پەیوەندییەکە بەهێزتر بکەین”.

دەشڵێ: “لە هەوڵداین نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند وڵاتێک بکەینەوە، چونکە شەش وڵاتی عەرەبی کۆنسووڵخانەی گشتییان هەیە و دەمانەوێت لە یەک تا دوو لەو وڵاتانە نوێنەرایەتیی خۆمان بکەینەوە، هەوڵیش دەدرێت لە ئایندەدا کۆنسووڵخانەی دیکەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە”.

سەفین دزەیی ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەوەی گرنگە کە ئێمە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان یەکڕیزی و تەبایی خۆمان بپارێزین و بە یەک رەنگ و یەنک دەنگ بتوانین رووبەڕووی ئالنگارییەکان ببینەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی دڵخۆشبوونی دۆستانمان و پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات”.

 

Back to top button