سەپاندنی باجی نایاسایی لە كەركووك خۆپیشاندانی لێدەكەوێتەوە

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

کارە نایاساییەکانی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک گەیشتوەتە لوتکە ، بەهۆی سەپاندنی باجی نایاسایی بەسەر شۆفێران ، ئەمڕۆ لەکەرکووک خۆپێشاندان ئەنجامدرا.

ڕاکان جبوری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاسا و جێبەجێکردنی یاسای دارستان بەسەر خەڵکی کەرکووک ، لەدوایین کاری نایاساییدا چەند ڕێکارێک و باجی نوێی دوور لە چوارچێوەی یاسایی بەسەر شۆفێرانی بارهەڵگری کەرکووک سەپاندوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر )) کەوتوون ئەمڕۆ شۆفێرەکانی کەرکووک دژی ئەو ڕێکارانە خۆپێشاندانیان ئەنجامدا ، یەکێک لە شۆفێرە ناڕازیەکان بەناوی سەلیم شەعبان بە (( خۆر ))ی ڕاگەیاند ” ئێمە هاتووین تاوەکو سنورێک بۆ کارە نایاساییەکانی ڕاکان جبوری دابنێین ، لەجیاتی خاوێنکردنەوەی شار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هاتووە بەنایاسایی باجمان لێ وەردەگرێت ، ئێمە ئەو ستەمە قبول ناکەین و ناوەستین تاوەکو پەرلەمان و حکوومەت نەیەنە دەنگ لەسەر مافی ئێمە و کارە نایاساییەکانی پارێزگار “.
بەپێی زانیاریەکانی (( خۆر )) هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە كەرەستەكانی بیناسازی دەگوازنەوە، كاتێك دێتە ناو شاری كەركووك بڕی 10 هەزار دیناریان وەكو باج لێ وەدەگیرێت كە كەس نازانێت بۆ چییە و تەنیا پارچە كاغەزێكت پێ‌ دەدەن مۆرێكی لێ دراوە.

Back to top button