شارەوانی هەولێر: ئەولەویەتی کار و خزمەتکردنمان بۆ گەڕەکە هەژارنشینەکانە

سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: لە پارێزگای هەولێر گرنگیەکی زۆر بە گەڕەک و کۆڵانە هەژارنشینەکان دراوە و خزمەتگوزاری دروستکردن و قیڕتاوکردن و دانانی ئاوەڕۆیان بۆ کراوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان، لە ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی زیاتر لە 15ملیار دینار پڕۆژە ئەنجامدراون.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، ڕایگەیاند: تا ئێستا لە باشووری هەولێر کە زیاتر گەڕەکی هەژارنشینن بە سەدان پڕۆژەمان ئەنجامداوە لەسەر پێشینەی مانگانە 15% سەدان کۆڵان قیڕتاوکراون و ئاوەڕۆ و شۆستە و هەموو کارێکیان بۆ کراوە، لەوانە گەڕەکی نازماوە و رۆشنبیری و فەرمانبەران و چەندین گەڕەکی دیکە، لە داهاتووش بەردەوام دەبین هەم لەسەر پێشینەی مانگانە و هەم لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بۆمان دابین دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: بۆ ئەمساڵ کارەکانمان چڕتر کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین دووقاتی پێشتر کار و خزمەت پێشکەشی هەولێر بکەین، 60%ی پڕۆژەکانمان بۆ باشووری هەولێر بووە، ئەوەش مانای ئەوە ناگەینێت ئێمە باکووری هەولێر فرامۆش بکەین، بەڵکو لەوێش بەردەوام پڕۆژەمان هەیە.
عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی پارک و باخچەکان کەمتر ئەنجامدراون: بەڵام ئەمساڵ بەشێکمان بۆ ئەوە داناوە، لە گەڕەکەکانی باشووری هەولێر باخچە دروست بکەین.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژەی کرد: بەم هەنگاوانە زۆرینەی کۆڵانەکان قیڕتاو کراون، بەڵام بەهۆی فراوان بوون بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەش کۆڵانەکانیان چاکبکرێن، هەفتانەش ئەو کارە ئەنجام دەدەین، بۆ نموونە پێش دوو رۆژ جووتسایدی عەدالە کە زۆر گرنگ بوو، توانرا شەقامی 100مەتری بۆ 120مەتری پێکەوە ببەستێت، ئەو شەقامە قیڕتاو کرا و ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات،  بەتایبەت گەڕەکی پیشەسازی باکوور و عەدالە و دەچێتە گەڕەکی ژیانیش  کە دوو ملیاری لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ سەرف کرابوو.

Back to top button