شاسوار عەبدولواحید بێڕێزی بە كارمەندانی NRT دەكات و بەبێ هیچ هۆكارێك دەریان دەكات

نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان: پێشێلكاری بەرامبەر كارمەندانی كەناڵەكە كراوە

((خۆر))- شاڵاو عەلی

 

شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بێڕێزی بەرامبەر بە كارمەندانی كەناڵەكانی دەكات و لە هەر كاتێكدا كە ئارەزووی لێبێت، كارمەندەكانی كەناڵەكانی دەردەكات. بەپێی زانیارییەكان كە لە كارمەندانی كەناڵی (NRT)یەوە دەست كەوتووە، شاسوار عەبدولواحید مامەڵەیەكی خراپ و ناڕەوا لەگەڵ كارمەندانی سەرجەم كەناڵەكانی دەكات و هەموویان لە ترس و دوودڵی دەركردنیان دان.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا شەوی ڕابردوو ژاڵە محەمەد، پەیامنێری كەناڵەكە ئاشكرای كرد كە دوای هەشت ساڵ كاركردن لەگەڵ NRT، بەبێ هیچ هۆكارێك لە كارەكەی دەركراوە. جەختیشی كردەوە كە دوای ئەو ماوە زۆرە، تازە پێیانگوتووە ”ستایلت لەگەڵ ئێمە ناگونجێت“.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە كە لە كارمەندانی كەناڵەكانی سەر بە شاسوار عەبدولواحیدەوە دەستی كەوتووە، لەم ماوەیەدا جگە لە ژاڵە محەمەد كە لە سلێمانی بوو، ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کەرکووکی ئەو کەناڵە و چەند كارمەندێكی دیكەش لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆكاری دەركردنەكەیان پێ بڵێن. شاسوار عەبدولواحید چەند مانگێكە مووچەی سەرجەم كارمەندانی كەناڵەكانی نەداوە و تەنانەت ئەو كارمەندانەشی كە لە كارەكانیان دەركراون، بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان شاسوار عەبدولواحید ئەو مافەی خۆیان پێبداتەوە، بەبێ دەنگی دەركردنەكەیان قەبووڵ كردووە. یەكێك لەو كارمەندە دەركراوانە رای گەیاند: ”مامەڵە تاکڕەوانەی شاسوار عەبدولوحید، ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کارمەندێکی ماندوو ئەگەر چەند ساڵێکی دوور و درێژیش خزمەتی کەناڵەكەی کردبێت و ژیانی خۆشی خستبێتە مەترسییەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆنێکەوە لە کارەکەی دوور بخرێتەوە“. جەختیشی كردەوە كە هیچ میدیایەك بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە كارمەندی خۆی دەرناكات.

لەمبارەیەوە حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕای گەیاند، بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧، بڕگەیەک ھەیە باس لەوە دەکات کە پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گرێبەست لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکەن و پێویستە ئەو گرێبەستە بگەڕێتەوە بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، چونکە ئەو گرێبەستە کۆنتاکتی نێوان کەناڵەکە و کارمەندەکەیە و ئەرک و مافی کارمەندەکە دیاری دەکات. ڕوونیشی كردەوە، کەناڵی (NRT ) مافی خۆیەتی لێپرسینەوە لە کارمەندەکانی بکات، بەڵام بەو مەرجەی پێچەوانەی یاساکە و گرێبەستی کارمەندەکانی نەبێت. گوتیشی: ”ئەگەر ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكە گرێبستیان نەبووبێت، کارەساتێکی گەورەیە، ئەگەریش گرێبەستیان ھەبووبێت و پێچەوانەی بڕگەکانی گرێبەستەکە کار کرابێت و بەبێ ھۆکارێکی دیاریکراو کارمەندەکە دەر كرابێت، بێگومان ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکاری بەرامبەر بە ژیانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە“.

Back to top button