شاندێكی توركیا دەگاتە بەغدا و دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكرێت

بڕیارە سبەی دووشەممە شاندێكی حكوومەتی توركیا بگاتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ كۆبێتەوە، بە مەبەستی دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەفتەی داهاتوودا.

عاسم جیهاد گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردووە كە سبەى شاندێکى تورکیا سەردانى بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی كوردستان دەكەن.

عاسم جیهاد پێشبینی كردووە هەفتەى داهاتوو دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتى هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

جێی باسە هەفتەی رابردوو باسم محەمەد عەبادی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنانی نەوت، بە رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی فەرمیی عێراقی راگەیاندبوو كە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە، لەوەی شاندی ھەردوو وڵات، رۆژی 19ی ئەم مانگە لە بەغدا، بۆ تاوتوێکردنی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکی کۆ ببنەوە.

ئاماژەی بەوەش كردبوو “لە ماوەکانی رابردوودا، ھەردوولا لە ڕێگای ناردنی پەیامەوە بۆ یەکتر، بە پێویستیان زانیوە لەوەی لە زووترین کاتدا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.”

رۆژی 25ی ئاداری 2023، دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق، کە لە ساڵی 2015دا تۆمار کرابوو، توركیا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت< بەڵام هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بە شێوازی دیكە، لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ ڕێك كەوتن.

 

Back to top button