شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوێت

((خۆر))-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/9 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕۆژانی ڕابردوو گیانیان لە دەستدا و بوونە قوربانی. ئەنجومەنی وەزیران بۆ جارێکی دیکەش ڕایدەگەیەنێت کە هاووڵاتیانی مووچەخۆر مافی خۆیانە بە شێوەیەکی شارستانیانە ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن بەڵام داواکارین ڕێگە نەدەن مافە ڕەواکانیان بەكار بهێندرێت لە لایەن کەسان و لایەنی نابەرپرس بۆ تێکدانی رەوشی ئارامیی هەرێمی كوردستان و دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆزی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەگرێتەبەر لە پێناو دابینکردنی مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بە پێی راگەیاندراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر بۆ ئەم مەبەستە، ئەم ئێوارەیە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی بە هەموو دەسەڵاتێکەوە سەردانی بەغدا دەکات لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدرال بۆ پرسە دارایی و ئابوورییەکان.

ئەنجومەنی وەزیران هاووڵاتیان و بەتایبەت مووچەخۆران دڵنیا دەکاتەوە کە هەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ گە‌یشتن بە ‌ڕێككە‌وتن و هەروەها هەوڵە نێوخۆییەکانی چڕکردووەتەوە هاوکات لەگەڵ هەنگاوەکانی چاکسازی ئیداری و دارایی و پەرەپێدانی شەفافیەت لەپێناو چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و پێدانی مووچە‌ و شایستە‌ داراییە‌كانی مووچە‌خۆران.

Back to top button