شاندەکەی بەغدا بۆ چووەتە واشنتۆن؟

شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە واشنتۆن، چاودێرێکی سیاسیش ئاشکرای دەکات ئەو شاندە لەم سەردانەیدا لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەکات.

“لای ئەمریکا سیستەمی سویفت و لای عێراق جێگیرکردنی بەهای دینارە”

د. سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق کە گەیشتە واشنتۆن و پێشتریش لە ئەنقەرە گفتووگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردووە کە ئامانج لە دانوستانەکە جێگیرکردنی نرخی دۆلار و بەهاکەیەتی بەرامبەر بە دیناری عێراقی کە ئێستا بۆ هەر دۆلارێک لەلایەن حکوومەتی عێراقی و بانکی ناوەندییەوە بۆ هەر دۆلارێک ١٣٠٠ دینار دیاریکراوە، شاندەکە لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەکات کە نرخی دۆلار چۆن دەکرێ بەرامبەر بە دینار جێگیربێت و بەو نرخە بێت، هەروەها ئەو مەرجانەی کە بانکی ناوەندی ئەمریکا دایناوە بۆ عێراق هەنگاوەکان چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەمریکا چۆن دەتوانێ یارمەتی عێراق بدات کە کێشەی ئەو بانکانە هەمووی دەبێ بە سیستەمی سویفت چارەسەر بکرێت، ئەوە تەوەری یەکەمی گفتووگۆکان دەبێت، گوتیشی ”تەوەری دووەم باس لە سیاسەتی ئەمریکا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق دەکرێت، بەرژەوەندی هاوپەیمانان و ئەو رێکەوتنانەی کە هەیە دەکرێ، واتا یەکەمیان تەوەری ئابووری و دووەمیان سیاسی دەبێت”.

سامان شاڵی، ئاشکراشی کرد، شاندەکە کەسانی شارەزایی ئابووری و سیاسی تیایدایە و سەرکەوتنی ئەو شاندە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بەهای دینار و جێگیرکردنی، گوتیشی: “خاڵی گرنگی کۆبوونەوەکان ڕێگریە لە چوونە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق”.

ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانێکی زۆرە ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات کە سیستەمی سویفت بەکاربهێنێت، بەڵام بانکی ناوەندی عێراق کەمتەرخەمی زۆری لەوەدا کردوە، گوتیشی: “ئەگەربێت و عێراق بچێتە ناو ئەو سیستەمە ئەوە عێراق هەر لە جێگیربوونی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار قازانج ناکات بەڵکوو هەنگاوێکی زۆرباشیش دەبێت بۆ ڕێگری لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە کە پێشتر دەرکەوت دزی زۆر گەورە بە دۆلارەوە کراوە تاوەکوو ئاستی دزی سەدە”.

دواین هۆشدارییە بۆ عێراق

کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی،  ڕایگەیاند: “عێراق لە دووبواردا کێشەی گەورەی هەیە، هەم لە رووی بردنە دەرەوەی دۆلار و هەمیش لە رووی گەندەڵیەوە کە بە دۆلارەوە کراوە، دیارە ئەمریکا لەوەدا هۆشدای توندی داوەتێ، گوتیشی ”دیارە کە عێراق بەهۆی ئەو هۆشداریەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردوە لە بانکی ناوەندی بۆ رازیکردنی ئەمریکا، دیارە ئەو مۆڵەتەی کە بۆ عێراق دیاریکراوە کە نۆ مانگە لە دانیشتنی تورکیا لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون، ئەو نۆ مانگە دوا مۆڵەتە بۆ عێراق کە دەبێت چاکسازیەکانی داوای لێکراوە جێبەجێی بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەرکەت کە ئێران عێراقی کردوەتە سیەکانی خۆی و هەناسەی لێوە دەدات و لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و هێزە گرێدراوەکانی قاچاخچیەتی بە دۆلارەوە دەکات”.

کارۆخ خۆشناو، ئاشکراشی کرد، ئەگەر عێراق نەچێتە ناو سیستەمی سویفت ئەوە دۆخە ئابووریەکەی جێگیر نابێت، گوتیشی: “نەچوونی عێراق لەماوەی رابردوو هۆکاری سەرەکی بووە بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ بۆ ئێران لەکاتێکدا کە بازاڕی عێراق رۆژانە پێویستی بە ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار بووە بەدینار بفرۆشێ، بەڵام تاوەکوو نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و پێویستیەکانی بازاڕی پڕنەکردوەتەوە، هەموو ئەوەش روونە کە پارەکە بۆ هەڵلوشاوە بۆ دەرەوە و هەر ئەوەش هۆکاری دروستبوونی ئەو قەیرانە بووە کە دینار بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار شکاوە”.

ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمریکا، کارۆخ خۆشناو، ئەوەشی خستە ڕوو ئەمجارەیان ئەمریکا چاوپۆشی لە عێراق ناکات و ئەگەر لەو نۆ مانگەدا عێراق نەچێتە ناو سیستەمی سویفتەوە ئەوە چارەنووسی محەمەد شیاع سوودانی لە حکوومەتەکانی پێش خۆی باشتر نابێت.

سیستەمی سویفت چیە؟

سویفت بریتییە لە سەرجەم پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بانکەکانی جیهان، بارەگای ئەم سیستمە داراییەی جیهان لە وڵاتی بەلجیکایە و لە ساڵی 1977 دەستی بە چالاکییەکانی کردووە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە وڵاتە عەرەبیەکانەوە ئەندامن لەو سیستەمە.

ئامانجی ئەو سیستەمە، پێشکەشکردنی نوێترین شێواز و هۆکاری زانستییە لە بواری بەستنەوە و ئاڵوگۆڕی نامە و زانیاریی لەنێوان سەرجەم بازاڕەکانی دراو، ئەمەش لەمیانەی بانکە بەرپرسیارەکان، لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە لە سەرجەم وڵاتاندا، بەمەش بەشداربوو دەتوانێ هەموو پێداویستیی بریکارە ناوخۆیی و بیانییەکان پڕ بکاتەوە.

لە گرنگترین سوودەکانی ئەم سیستەمە، جێبەجێکردنی خێرای حەواڵەکان و گەیشتنیان بە سوودمەندەکانە، هەروەها دەستەبەرکردنی هۆکاری سەلامەتی و کەمکردنەوەی تێچووەکان، بە بەراورد بە شێوازەکانی دیكەی پارەناردن.

Back to top button