“شه‌هیدكردن و ده‌ستگیركردنی هاووڵاتییانی كه‌ركووك پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه”

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، شەهیدکردن و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی شاری کەرکووک، پێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

سەرەڕای بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگا و نشینگە سیاسییەکان بۆ پارتە کوردستانییەکان بە مەبەستی دەستپێکردنەوە بە چالاکی و جوولەی سیاسی لە شاری کەرکووک، هێشتا چەند لایەنێکی توندڕەو ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی پيکهاتەی دیکە وەک بکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناو شارەکە.

بڕگەکانی یەکەم لە مادەکانی 39 و 44ـی دەستووری عێراقی، داکۆکی دەکەن لە مافی پارتە سیاسییەکان و پەیوەندیکردن پێیانەوە، هەروەها دەستوور مافی هەر تاکێکی بۆ ئازادی هاتووچۆ چەسپاندووە.

لە دوای ڕوداوەکانی 16ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 دەزگا ئەمنییە لۆکاڵییەکان نەیتوانیوە کەشێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەی پارتە سیاسییە کوردییەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ڕامیارییەکانیان لە ناو شاری کەرکووک. لەکاتێکدا بە پێی دەستوور مافی ڕەوای هەر لایەنێکە بە ئازادانە کار و چالاکییەکانی خۆی بەرەوپێش بەرێت.

بەم دوایانە حکوومەتی فیدڕاڵ بڕیاری دا بە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بە حیزبە کوردییەکان کە ئەم هەنگاوە بەشيکە لە پاراستنی بنەمای پيکەوەژیان لە کەرکووک.

بارودۆخەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەشەنەی سەندووە بەو پێیەی دوای ئەنجامدانی خۆپشاندان بۆ کردنەوەی ڕێگەی نێوان هەولێر – کەرکووک دەستکراوە بە ڕەشبگیرییەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستگیرکراون بەشێوەیەک تاکو ئێستا سۆراغیان نییە، ئاماری دەستگیرکراوان لە هەڵکشاندایە و تا ئێستا 40 هاووڵاتی دەستگیرکراون. هەروەها 14 بریندار گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانە جگە لەوەی چەند هاووڵاتییەکی دیکە بەردباران کراون و بریندارن.

ئەم ڕووداوە چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە دەستگیر کراون. لە ئێستادا ڕێگاکان کراونەتەوە، بەڵام چەند لایەنێک بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنەمایەکی پێکەوەژیانە.

لە کۆتایدا نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوای لە سەرجەم لایەنە نێودوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كرد کە چاودێری ڕەوشی شاری کەرکووک بکەن و پێشێلکارییەکانی ئەم ڕووداوانەى شارەکە کە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە، لە چوارچێوەی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەرز بکرێتەوە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتەکان بەپێی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوەیەکگرتووەکان، کە وڵاتی عێراق ئەندامە تێیدا و ئەو پلانە نیشتمانییەی کە حکوومەتی فیدراڵ پێی پابەندە لە پاراستنی ئازادییەکان.

Back to top button