شوان کەلاری: “ھەرێم سەداسەد پابەندە بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرایکرد: ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان سەتا سەت پابەندە بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام ھەندێ فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی ھەن نایانەوێ کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی ڕایگەیاند: ھەندێ دەستی دەرەکی ھەنە دەیانەوێ ھەرێم و پارتی سازش بۆ بەغدا بکەن، مەبەستیشیان لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام نە پارتی و نە ھەرێمی کوردستان ئەوە قبوڵ ناکەن، ھەرچەندە ئەو فاکتەرە دەرەکیانە بەردەوامییان ھەیە لەگەڵ ئەوەیش ھەرێمی کوردستان نیەتێکی ڕاستگۆیانەی ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی، ھەرێمی کوردستان سەتا سەت پابەندە بەو بەڵێن و ڕێککەوتنانەی لەنێوان ھەردوولادا کراون.

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھیوادارین بەغداش پابەندی ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانە بێت لە نێوانماندا ھەیە، چونکە ھەبوونی کێشە چەند زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە ئەوەندەش بۆ عێراق،  مەبەستی ئەو دەستە دەرەکیانە ھەرچەند لێدان بێت لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لەوە بۆ ئەوەیە عێراق وەک وڵاتێکی لاواز بمێنێتەوە.

شوان کەلاری گوتیشی: ھەرێمی کوردستان ھەموو بەرپرسیاریەتی خۆی لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێی کردووە، بەڵام بەغدا بەدوای بیانوودا دەگەڕێ و پابەندی یاسای بودجە و ڕێککەوتنەکان نییە، چونکە ھەرچەندە پەسەندکردنی بودجە سەتا سەت لە خواستی ئێمە نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ چارەکردنی کێشەکانین و پابەندین بەو بڕگە و ماددانەی لەنێو یاسای بودجەدا ھاتوون.

Back to top button