شکانی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر کۆتایی دێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت، كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە دەبەسترێتەوە و گرفتی شكانی بۆرییەكە چارەسەر دەبێت.

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا هاتووە “پڕۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و کارەکانی دروستکردنی box culvert و کارەکانی پاراستنی کاثۆدی بۆ بۆڕییەکە تەواو بووە، هاوكات گشت پێداویستییەکانی بەستنەوەی بۆڕیی کۆن و نوێ گەیشتووەتە شوێنی کار و کاری دانانی بۆیی و لەحیمکردن و داپۆشینی بۆرییەکەش تەواو بووە.”

ئاماژەی بە ئەوەش داوە كە کارەکانی دروستکردنی مەنهۆڵ بۆ قوفلە هەوایییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە و پرۆژەكە بە كۆتا دێت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە “ئەو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر جێبەجێ دەكرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی شكانی بۆریی ئیفراز سێی هەولێر كە كاریگەری تەواوی لەسەر باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت.”

شایەنی بەبیرهێنانەوەیە، پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی پێویستی بۆ پرۆژەكە تەرخان كرد و دواتر دەستبەكاری گۆڕینی بۆرییەكە كرا و ئێستاش كارەكانی بە كۆتا هاتووە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە كۆنەكە بە بۆرییە نوێكە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی بۆرییە نوێكەوە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر دابین دەكرێت.

Back to top button