شیروان زرار: تامانگی 5 رێككەوتن نەكرێت ناتوانین هەڵبژاردن ئەنجام بدەین

وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم دەڵێت، ئەگەر تا مانگی ئایار لایەنەكان رێكنەكەون ناتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
شیروان زرار وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لەساڵی 2019ـەوە وادەی تەواو بوە، ئێمە پێش تەواوبونی ماوەی یاسایی بە ئەركی خۆمان هەڵساوین و تائێستا چوار نوسراومان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردوەو ئاگادارمان كردون كە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت ئەوا پێویستە ئەنجومەنێكی كارای كۆمسیاران هەبێت و یاسایەكی بەركار هەبێت لەهەرێمی كوردستان بۆئەوەی ئەو ئەنجومەنە كاری لەسەر بكات، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكی فەرمیمان وەرنەگرتوە، ئەمەش پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە كە بەداخەوە لەساڵی پارەوە نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
شیروان زرار راشیگەیاندوە، بۆچونی ئێمە وایە كە بۆ هەڵبژاردنێكی سەركەوتو لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان و دواتر پەرلەمانییە لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران و بابەتی یاسای هەڵبژاردن، هەروەها ماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆئەوەی بتوانین ئامادەكاری بۆ پرۆسەكە بكەین، ئەگەر تا مانگی ئایار لایەنەكان رێكنەكەون ناتوانین پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.

Back to top button