شێخ شامۆ : بەھۆی پەکەکەوە دۆخی شەنگال وەکو خۆی دەمێنێتەوە

گۆڤەند سەرکەش- خۆر

شێخ شامۆ ڕادەگەیەنێت کە بەھۆی پەکەکەوە دۆخی شەنگال وەک خۆی دەمێنێتەوە و مانەوەی پەکەکە لە پەنای هەر هێز و گرووپێکەوە دۆخی شنگال ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەی کراوە فێڵکردنە لە رێککەوتنی شنگال.

شێخ شامۆ، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری کوردانی ئێزدی، رایگەیاند، ئەوە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا نییە پەکەکە لە ناو هێزی دیکەی عێراقی لە شنگال بمێننەوە، ”مانەوەی پەکەکە لە پەنای هەر هێز و گرووپێکەوە دۆخی شنگال وەکو خۆی دەهێڵێتەوە و نایباتە پێشەوە، ئەوەی کراوە فێڵکردنە لە رێککەوتنی شنگال، بۆ ئەو پرسە چاوەڕوانی هەڵوێستی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقین.

ئەو راویژکارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا چاودێریی خاڵەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن و لایەنی جێبەجێنەکار دەستنیشان بکەن.

شایانی باسە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە بە جلی پۆلیسی فیدڕاڵی لە ئێستادا لە شەنگالن و تەنھا بۆماوەی دوو ڕۆژ لە شەنگال چونە دەرەوە و دواتر بە جلی پۆلیس گەڕانەوە ناو سەنتەری شەنگال.

Back to top button