شەپۆلێکی بەھێزی گەرما بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی بەھێزی گەرما هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئەمشەو دووشەممە 24/7/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ھەیە پێشبینی دەکرێت مانگی داھاتوو بەراورد بەم مانگە پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا زیاتر بەرزببنەوە و گەرمتر دەبێت و ھەر لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئەگەر ھەیە شەپۆلی بەھێزی گەرما ناوچەکە بگرێتەوە کە تیایدا لەناوچەکانی سنووری گەرمیان پلەی گەرمی بۆ 50 پلەی سەدی یان زیاتر بەرزببێتەوە.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “تاوەکوو ئێستا و ماوەکانی رابردوو شەپۆلی زۆر بەھێز کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان نەبووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردووش باشتربووە سەرەرای ئەوەی جیھانییەن پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو لە وشکانی زەریاکاندا بەرزبوونەتەوە بەتایبەت لەم ماوەیەدا لە باکووری رۆژھەڵاتی زەریای ئەتڵەسیی و ناوەراست و رۆژئاوای دەریای ناوەراست بەرادەیەکی نوێ گەرمبووە کە تۆمارەکانی پێشتری تێپەراندووە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لەوڵاتانی ناوچەکەدا کە بەگەرمبوونی رووی دەریاکان نزمەپاڵەپەستۆکان زیاتر بەھێز و قوڵ دەبنەوە بەم شێوەیەش شەپۆلی بەھێز و رووداوەکانی لافاو زیاد دەکات لەگەڵ زیاتر دووبارەبوونەوەی بارودۆخە توندەکان لە بەرگەھەوادا زیاتر لە ھەر کاتێکی پێشتر.”

Back to top button