شەڕی دەوڵەت دژ بەشۆڕشی نەتەوەیی ناکرێت

کاتێک جەنگ دەکەوێتە نێوان هەر دوو وڵاتی باکوری قاڕەی ئەفریقیاوە بەناوی "حرب الرمال" واتا لەنێوان مەغرب و جەزائیر لەسەر ناوچە بیابانیە کێشە لەسەرەکانیان لەسەر سنور، ئەم شەڕە پاش شۆڕشی سەربەخۆی جەزائیر دەستی پێ کرد، ئەوە بوو چوار دەوڵەتی تر بەناڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکەیان کرد، وڵاتی جەزائیر هەردوو دەوڵەتی میسر و کوبا پشتگیریان دەکرد، هەروەها وڵاتی مەغربیش هەردوو دەوڵەتی ئەمریکا و فەرەنسا پشتگیریان دەکرد، سەرکردایەتی ئەم شەڕە لەبەرەی جەزائیر (ئەحمەد بن ئەبلە) بوو، لەبەرەی مەغربیش (حەسەنی دووەم) پاشای مەغریب و (جەنەرڵ ئیدریس بنعەمەل علمی) سەرکردایەتیان دەکرد، بەڵام شەڕەکە زۆری نەخایاند و پاش چەند ڕۆژێک بەڕێککەوتنی وڵاتانی عەرەبی کۆتایی هات، ئەوە بوو (الجامعة العربیة و منظمة الوحدة الٲفریقیة) هەردوولایان گەیاند بەڕێککەوتن لە "باماکۆ" پایتەختی وڵاتی "مالی" بەڵام ئەو ململانێیە کۆتایی نەهاتووە تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامە، کە پێی دەڵێن جەنگی ساردی نێوان عەرەب لەقاڕەی ئەفریقیا. ئەوەی گرنگ بێت لێرەدا باسی بکەم، لەجەنگی رمالدا کۆمەڵێک ئەفسەری پلەداری هێزی ئاسمانی میسر لەلایەن مەغریبەوە دەستگیر دەکرێت یەکێک لەوانە "حوسنی موبارەکە" کە ئەوکات ئەفسەری هێڵی ئاسمانی میسر بووە کەپاڵپشتی جەزائیریان دەکرد لەو جەنگەدا، دواتر مەلیکی مەغربی ئەوکات "حسن الثاني" پاش ڕێککەوتنەکە ئازادیان دەکات، دواتر حوسنی موبارەکیش وەک دەزانن بوو بە سەرۆکی میسر بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ. لەساڵی 1976 پاش ڕێککەوتنامەی شومی جەزائیر دیسانەوە لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان جەنگ هەڵدەگیرسێ بەسەرکردایەتی "هەواری بۆمدینی" سەرۆکی جەزائیر و "حسن الثاني" مەلیکی مەغریب، پاش شەڕێکی قورس چارەنووسی ئەو ناوچەیە هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە، لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لەسوپای مەغریب بەدیلی گیران لەهێرشێکی لەناکاوی هێزی کۆماندۆی جەزائیری بۆ سەر شاری "ئەمگالا" چونکە جەزائیر لەسەرو بەندی سەربەخۆی و شۆڕشدا بوو لەناوخۆ زۆر بەهێز بوو، بۆیە شەڕی دەوڵەت دژ بەشۆڕش بوو ئەمەش زۆر قورس بوو بۆ مەغریب. "سەدام حوسێن"یش لەعێراق بەهەمان شێوە پاش هاتنە دەسەڵاتی "خومەینی" و شۆڕشی ئیسلامی ئێران شەڕی دەست پێ کرد و ڕێککەوتنامەی جەزائیری هەڵوەشاندەوە ئەوە بوو 8 ساڵ شەڕ بەردەوام بوو دواتریش بە ڕاگرتنی لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی هات، هەڵەی سەدام لەوەدا بوو شەڕی دژی شۆڕشی ئیسلامی هەڵگیرساند کەمیللەت ڕاپەڕیبوو دژی شاه، خۆ ئەگەر پێشتر بوایە ئەوا دەوڵەتی ئێرانی بەتەواوی داگیر دەکرد، چونکە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت جەنگ دژی ڕاپەڕینی گەلان ئەنجامبدات. لەئێستاشدا کورد لەقۆناغی بەدیهاتنی خەونی دەوڵەتی کوردستانەو هێشتا هەر لەقۆناغی خەبات و قۆربانیدان و شەڕی ناوبەناوە ڕۆژێ داعش ڕۆژێ ئێران و ڕۆژێ تورکیا و ڕۆژێ سوریا و ڕۆژێکیش عێراق، هیچ یەکێک لەم دەوڵەتانە سەرکەوتوو نابن بۆ هەمیشە لەداگیرکردنی کوردستان، چونکە ئێمە هێشتا لەسێ بەشی تری کوردستان لەقۆناغی شۆڕشین و ئەو وڵاتانەش ناتوان بەهەڕەش و گوڕەشەکانیان ئێمە سارد بکەنەوە یان دەست هەڵبگرین لەمافی ڕەوایی گەلی کورد، ببین بە وێنەیەکی پاپا فرانسیس لەپشتی کە نەخشەیەکی کوردستانی گەورەی لەسەرە وڵاتانی ناوچەکە ئارامیان لەبەر بڕاوە و بەڕاست و چەپدا هەڕەشە دەکەن، کوردستان لەپاش پاپا چووە قۆناغێکی نوێوە تورکیا و ئێران و عێراق دەزانن چارەنووسی کورد بەرەو کوێ دەڕوات و پێیان وایە دەتوانن ڕێگری بکەن لەدەوڵەتی کوردستان، بەڵام خەیاڵیان خاوە و چارەنووسی ئەوان لەچارەنووسی سەدام باشتر نابێت، کەوایە کوردستانی پاش پاپا کوردستانێکی بەهێزترە، هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانە ناتوانن شەڕی شۆڕش و شۆڕشگێڕەکانی کورد درێژە پێ بدەن، تائەوکاتەی دەبین بەدەوڵەت ئەوکات ڕەنگە شەڕەکە بەشێوەیەکی تر بێت، پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتیش کورد هەر بەردەوام دەبێت لەململانێی توند لەگەڵ تورکیا و ئێران و عێراق، هاوشێوەی ململانێی نێوان مەغریب و جەزائیر لەسەر ناوچەی کێشە لەسەرەکانیان، هەروەها ململانێی نێوان میسر و لیبیا لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و خاک. کرمانج شەریف

Back to top button