عه‌تا سه‌راوی قسه‌ی نوێ ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی لاهوور جه‌نگی بۆ كوشتنی

عه‌تاسه‌راوی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێ،هەریەك لە لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە گەڕاونەتەوە كوردستان، ماوەی ٢١ ساڵ وەك برا و هاوڕێ لەگەڵیاندا بووم، بە تایبەتیش لە دوای نەخۆشكردنی مام جەلال، كەسێك نەما لە یەكێتی من پەلاماری نەدەم لە كاك كۆسرەت و مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و جافەكانی خزمی خۆم، بەڵام لە دوای كۆنگرەوە تا ئەمڕۆ ئەوان وەك نەیار و ناحەزێك مامەڵەم لەگەڵ دەكەن، وەك بڵێن ئیشت تەواو بوو، ئەمە حزبی منە و تەمەنم لەسەر داناوە و ٧٥ شەهیدم هەیە و ٤١ ساڵە پێشمەرگەم، بۆ هیچ كەسی جێناهێڵم، با سۆسیال میدیا بەرنەدەنە من تۆمەتم بۆ دروست بكەن.

باسیشی لەوە كرد كە ئەو خاوەنی سێ ماڵ و مووچەی خۆی و لیوای خانەنشینی و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتییە، بەڵام ”خەڵكمان بە كوشت داوە و سەدان پێشمەرگەمان بە كوشت داوە، هەرچی ئیسلامی سیاسییە دوژمنی ئێمەیە. كەچی چەندان بەڵێنمان داوە، خەڵك ڕۆژانە یەخەمان دەگرێ، سەدان بەڵێنمان داوە، ئێمە فێر نەبووین درۆ لەگەڵ خەڵك بكەین، بەرپرسی یەكەم لەم حزبە ئەم سێ كەسەن، فەرموون با ڕاستەوخۆ وەڵامی خەڵك بدەنەوە. ئەوان هەموو شتیان پێ دەكرێت، بەڵام نایكەن“.

بە ڕاشكاوانە ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”من دەڵێم ئێوە وەفادار نەبوون بەرامبەر بەڵێنەكەمان، لاهوور جەنگی سۆسیال میدیای بەرداوەتە من و دەست و دایەرەكەی تۆمەتم بۆ دروست دەكەن و جنێوم پێ دەدەن. چەندین نامەمان لە بەینە دەڵێم من داوای لێبووردن دەكەم و پێم ناخۆشە ئەم قسانە دەكەم، خۆم و هەزار كەس دێمە بەر بارەگاكەی تۆ، بەڵام لەم ٤١ ساڵە كەسێك هەبوو تۆمەتێكم لەسەر بسەلمێنێت بە دەمانچەكەی خۆم، خۆم دەكوژم، ئەگەریش وانەبوو دەبێ باجی ئەوە بدەیت. من لەو پیاوانە نیم نەتوانم بەرگری لە كەرامەتی خۆم بكەم، باوكی ١١ منداڵم و بەرپرسی عەشیرەتێكی پێنج هەزار ماڵیم. با فەیسبووك و پاتاڵ بەرنەداتە من و وەك پیاو بەرامبەرم بگرێ، لاهوور جەنگی دەڵێ تۆ ناماقووڵیت كرد، خۆت ناماقووڵیت كرد. من داوام لە بەرهەم ساڵح و چەندان كەسیتر كرد دەستێوەردان لە كێشەی من و لاهوور بكات، ئەم پیاوە چی هەیە لەگەڵ من؟ من ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ دەرمانخوارد كرام، دەزانن كێ ئەوەی كرد، وەرن لێژنەیەك پێك بهێنن“.

عەتا سەراوی باسی لەوە كرد كە ئەو ١٨ مانگ بەرگەی گرتووە، ئێستا لە بەغدایە نەك لە هەرێمی كوردستان، ”با بنێرن بڵێن بڕۆن عەتا بكوژن، من كەسوكارم و خزمەكانم و جاف هەمووی تكایان لێمكردووە قسە نەكەم بەس من گوتم ئەوەی ژێر بەڕە دەخەمە سەر بەڕە“.

Back to top button