عوسمان بانیمارانی: گه‌یاندنی هاوكارییە‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە جێی ده‌ستخۆشییه‌

ئه‌ندامێكی پێشووی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو كارانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیكات لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا، جێی دەستخۆشییە و دەزگاكە ”بەشێكە لەم گەل و نەتەوەیە.“

چەند سەعاتێك پاش بوومەلەرزەكەی بەرەبەیانی 6ی 2ی 2023، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ چەند تیمێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، خۆیان گەیاندە باكووری كوردستان و توركیا و تێكەڵی هەوڵەكانی ڕزگاركردنی خەڵك لەژێر داروپەردووی باڵاخانە داڕووخاوەكان بوون. بەڵام بەشێكی زۆر لە میدیا لۆكاڵییەكانی سلێمانی كە لە لایەن یەكێتی و بەرپرسانی ئەو حزبەوە ئاراستە دەكرێن، لەجیاتی ستاییشكردنی ئەم كارە مرۆڤدۆستییە، وەك پیشەی هەمیشەیان كەوتنە بوختانكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ لەبارەیەوە.

لە بەرامبەردا عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی راگەیاند: ”ئەوەی رووی داوه‌ له‌ باكوور و رۆژئاوای كوردستان، كاره‌ساتێكی یه‌كجار زۆر گه‌وره‌یه‌، ده‌بێت له‌ روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت و ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دای زۆرین، چ كاره‌ساتی سرووستی بێ، چ كاره‌ساتی سیاسی، ده‌بێت ئه‌م كاره‌ساته‌ ببێته‌ وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ و ته‌باییمان و خۆشه‌ویستی و برایه‌تیمان له ‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت، هیوادارین ئه‌و كاره‌ساته‌ كاریگه‌ریمان لێ بكات و یه‌كمان بخان، هه‌رچی بكرێت هاوكاری بكرێت بۆ باكوور و رۆژئاوای كوردستان هێشتا كه‌مه‌، وه‌ك خه‌ڵكی باشوور هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت، ده‌بێت بیكەین.“

جەختی لەوەش كردەوە: ”ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌شێكه‌ له‌م میلله‌ته‌، به‌شێكه‌ له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و جیاوازی نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ باكووری كوردستان كردوویەتی، ده‌ستیان خۆش بێت، هه‌ر كه‌سێك و ده‌زگایه‌كی دیكه‌ش له‌ژێر ناوی كوردایه‌تی و مرۆڤایه‌تی بیكات، كارێكی زۆر باشه‌، هیوادارین خه‌ڵكی باشووری كوردستان به ‌یه‌ك ده‌ست و یه‌ك گیان به‌شدار بن له‌ كه‌مپین و پێشكەشكردنی هاوكارییه‌كان.“

Back to top button