عێراق دووەم وڵاتی جیهانە لە روی پیسبوونی هەواوە

بەگوێرەى راپۆرتێکی کۆمپانیای تەکنەلۆجی سویسری کە ناوى ئای کیو ئێرە، عێراق دووەم پیسترین هەوای هەیە لە ریزبەندیی وڵاتانی جیهاندا.
راپۆرتەکە دوێنێ بڵاوکرایەوە و ئەنجامی داتاکانی ساڵی 2022 دەردەخات کە لە جیهاندا تەنها 13 وڵات و هەرێم هەواکەیان پاکە و هاوتای ئەو ستانداردەیە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هەناسەدانی مرۆڤ بە تەندروستی داناوە.
کۆمپانیا سویسرییەکە، کە لەگەڵ پرۆگرامی ژینگەییی نەتەوەیەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەیان کردووە، لەرێگەی زیاتر لە 30 هەزار بنکە و هەستەوەرەوە لە 7 هەزار و 323 شاری جیهان داتا و زانیاریان لەباەری پیسبوونی هەواوە کۆکردووەتەوە.

کوالێتی هەوا بە یەکەیەک دیاریدەکرێت پێی دەڵێن گەردیلەی وردی PM2.5، کە تیرەکەی لە 2.5 میکرۆمەتر بچوکترە.
بەگوێرەى ستانداردی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، بەرزی رێژەی ئەم گەردیلەیە لە هەوادا زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، چونکە گەردیلەکە هێندە وردە دەتوانێت لە رێگەی سییەکانەوە بچێتە نێو رێرەوی خوێنی مرۆڤەوە و زیانی تەندروستی پێ بگەیەنێت.

گونجاوی و باشی کوالێتی هەوا بە هەبوونی 5 گەردیلەی PM2.5 یان کەمتر لە یەک مەتر چوارگۆشەی هەوادا دیاریدەکریێت. تاوەکو ئەم گەردیلانە لە هەوادا زیاتر بن، هەواکە بە پیستر دادەنرێت و زیانی زیاتر دەبێت بۆ مرۆڤ.
بەگوێرەى راپۆرتەکە تەنها 6 وڵات لە جیهاندا کوالێتی هەواکەیان گونجاوە و لەگەڵ ئاستی ستانداردی هەوادا یەکدەگرنەوە، کە ئەمانەن: ئوسترالیا، ئیستۆنیا، فینلەندا، گرینادا، ئایسلەندا و نیوزلەندا.

ئەو وڵاتانی کە پیسترین هەوایان هەیە بریتین لە چاد کە رێژەی گەردیلەی PM2.5 تێیدا 89.7 مایکرۆگرام/مەترسێجایە و بەدوای ئەویشدا عێراق دێت کە رێژەکەی 80.1 ە. پاشانیش هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، بەحرێن و بەنگلادیش دێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکە لە کۆی 131 وڵات و ناوچەی جیهان، کۆی گشتیی 118یان رێژەی دیاریکراوی گەردیلەی PM2.5ی ستانداردی رێکخراوی تەندروستی جیهانییان تێپەڕاندووە، کە دەبێت تەنها 5 گەردیلە هەبێت لە هەر مەتر سێجایەکەدا.

Back to top button