عێراق یەکێکە لە 20 وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان؟

((خۆر))- شاڵاو عەلی

عێراق لە لایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا و شەشەمین گەندەڵترین وڵاتی عەرەبی هەژمار كرا، بەم هۆیەشەوە قەرزەكانی دەولەتەكە ڕۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت و مەترسیی هەرەسهێنانی لێ دەكرێت، كەچی ژمارەیەك جاشپەرلەمانتار و جاش ڕۆژنامەنووس داوا دەكەن كوردستان تەسلیم بە بەغدا بكرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە گەندەڵی و شەفافیەت لە وڵاتانی جیهان، عێراق لە کۆی 180 وڵاتی ناو ریزبەندییەکە، کە بۆ شەفافیەت لەو وڵاتانە رێک خراوە، پلەی 160ـی وەرگرتووە و یەکێکە لە 20 وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان.

هەر بەپێی ڕیزبەندییەكە، عێراق شەشەم گەندەڵترین وڵاتی عەرەبییە و کەوتووەتە پێش وڵاتانی لیبیا، سودان، یەمەن، سووریا و سۆماڵ.

دۆخی عێراق لە سایەی گەندەلی بە ڕادەیەك خراپ بووە كە چارەنووسی دەوڵەتەكەی خستۆتە مەترسییەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزەكانی زیاد دەكەن و چیتر هیوایەك بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە لە ئارادا نییە.

لەمبارەیەوە بڵێسە جەبار، پەرلەمانتاری یەكیتی لە نووسینێكدا باسی لەوە كردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی کەڵەکەبووی لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا لە داواکردنی قەرزی زیاتر بەردەوامە.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە عێراق “لەم گێژاوی قەیرانی داراییەدا دەربازبوونی زۆر ئەستەمە، چونكە ھیچ روئیایەکی ستراتیژی و دووربینی نییە”.

بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، عێراق (١٦٩،٢) ملیار دولار قەرزارە و بۆ بودجەی ٢٠٢١یش داوای شەش ملیار دۆلاری دیكەی قەرزی دەرەكی دەكات تاوەكوو كورتهینانی بودجە پڕ بكاتەوە.

ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە بەشی ھەرە زۆری ئەم قەرزە تێچووی شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق و شەڕی کەنداوە کە بۆ ئێستا بەجێماوە و “ئێمەش چەندەھا ملیاری دیكە و بەتاڵکردنی تێکرای کانزا سرووشتییەكانی دەخەینە سەر و وێرانەیەک بۆ نەوەی دوای خۆمان جێدەھێڵین”.

سەرباری ئەم دۆخەش كە عێراق پێیدا دەگوزەرێت، هەندێك پەرلەمانتاری خۆفرۆش و میدیای ئاووس بە تومەن و ڕۆژنامەنووسی خاڵی لە هەستی كوردایەتی، هەر ڕۆژەی بە پاساوێك داوا دەكەن قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و هەموو شتێك رادەستی ئەو عێراقە بكرێت كە یەكێكە لە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا.

Back to top button