عەبدولسەلام بەرواری: لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا پارتی ئامادەیە بۆ گۆڕینی سیستەمی ھەڵبژاردن

لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی وێبینارەوە سیمینارێکی بۆ عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوێست و پێشینارەکان ساز کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پرۆسەی ھەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھەندێ لایەن دژایەتیی پارتی دەکەن، وا دەزانن کالایەکیان لەبەردەستە و کڕیاریان ھەیە و دەشڵێ، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا پارتی ئامادەیە سیستەمی ھەڵبژاردن بکرێتە چەند بازنەیەک.

عەبدولسەلام بەرواری لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: “یەکێک لە کێشەکانی ھەڵبژاردن ئەوەیە کە بە چ شێوازێک بێت، ئێمە لە خولی چوارەم و پێنجەم بە لیستی نیمچەکراوە ھەڵبژاردنمان کرد، ھەندێ لایەن وا دەزانن کە کاڵایەکیان لەبەردەستە دژایەتیی پارتیی پێ دەکەن و کڕیاریان ھەیە، ھەر لە سەردەمی بارزانیی نەمر و پێشتریشەوە پارتی گرینگیی داوە بە پێکھاتەکان لە کوردستاندا،  ھەر لە ساڵی ١٩٩٢ پارتی گەشەی کردووە کورسییەکانی زیادی کردووە و ترسێکی خستووەتە دڵی بەرامبەرەکەی، سیستەمی ھەڵبژاردن لە چوار بەش پێک دێت، چۆنیەتیی دەنگدان – بازنەکان – دابەشکردنی کورسییەکان – کۆتاکان، ئەمە سیستەمی سیاسیی ھەڵبژاردنە، باشترین سیستەم ئەو سیستەمەیە کە لەگەڵ بارودۆخی ئەو کۆمەڵگایە بگونجێ، زۆر جار کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان باس لە زۆر سیستەم دەکەن کە پەیڕەو بکرێت، ئەوان بە گوێرەی وڵاتی خۆیان بیر دەکەنەوە، بەڵام رەنگە بۆ کۆمەڵگای ئێمە گونجاو نەبێت.

ئەندامەکەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: “بەنسبەت دەنگدان، لیستەکان بەکار دێت، جا ئایا لیستی داخراو بێت، یان کراوە، یان نیمچەداخراو و تێکەڵاو، لیستی داخراو واتا حزبێک لیستیک پێشکەش دەکات و چەند کورسییان ھێنا دابەش دەکرێت بەسەر ناوەکان، لیستی کراوە واتا بەپێێ دەنگدان کێ زۆرینەی دەنگ دێنێ، لیستی تێکەڵاو، واتا رێژەیەک لە کورسییەکان بە دەنگدان دەبێت و رێژەیەک بەپێی لیستی حزبەکان و بازنەکان وەکوو پێشتر لە کوردستان ھەمان بوو، کوردستان یەک بازنە بوو، ئێستا مشتومڕ لەسەر ئەوەیە ئایا یەک بازنە بێت، یان چوار بازنە بێت، ئێمە دەبێت بیر لە حزبە بچووکەکان بکەینەوە، چونکە ئەوانیش بەشدار بوون لە خەباتی ئەم میللەتە و مافی خۆیانە بەشدار بن لە حوکمڕانیدا، بۆیە ئەگەر بێت و بازنەکان زیاتر بکەین دەنگی ئەوان بزر دەبێت و ناتوانن کورسی بھێنن و بەشداری بکەن.

عەبدولسەلام بەرواری، کە ھاوکات ئەندامی بۆردی راوێژکاری کاروباری پەرلەمانیشە لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: “بە بۆچوونی من دەبێ لەسەدا سیی کورسییەکان بۆ کۆتای ئافرەتان بێت، کۆتای پێکھاتەکان ئەگەر بێت و ھەموو دەنگەکان وەک یەک بن، زۆر زەحمەتە بۆ نموونە مەسیحییەکان، یان ئەرمەنییەکان، یان تورکمانەکان بەتایبەتی، چونکە پەرشوبڵاون و حزبی زۆریان ھەیە و کورسی ناھێنن، بۆیە زامنکردنی کورسیی کۆتا بۆ پێکھاتەکان زامنکردنی ماف و بوونی ئەوانە، لەسەر کێشەی ھەڵبژاردن ئێستا گفتوگۆی چڕ ھەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر شێوازێک، دەربارەی ئەو کیشەیەی کە ھەمیشە دەیڵێنەوە و سەدبارەی دەکەنەوە، پاککردنەوەی دەنگەکانە، بەڵام کاتێک دێنە سەر کارکردن لەسەر ئەم کێشەیە خۆیان دەدزنەوە و نایەنە پێش، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کوردستان یەک بازنە بێت، بەڵام لەبەر بەرژەوندیی گشتی لاریمان نییە ئەگەر چوار بازنەش بێت، بۆ ئەوەی کیشەکان چارەسەر بێت، پێکھاتەکان دەیانەوێت کەس دەست نەخاتە ناو کاروباری ئەوانەوە و خۆیان بڕیار بدەن، ھەروەک جەنابی سەرۆک فەرمووی بۆ پارتی کێشە نییە ئەگەر لەسەر یەک، یان دوو کورسی کێشە لەسەر یەک بازنە بێت، یان چوار بازنە بێت، ئێمە کێشەمان نییە، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین لەجیاتی پیکھاتەکان بڕیار بدەین.”

Back to top button