عەبدولڕەحمان مستەفا: سەرۆک بارزانی پشتگیری خۆی بۆ کەرکووکییەکان دووپات کردەوە

حەفتەی ڕابردوو سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەکانی کەرکووک کۆبووەوە، پارێزگاری پێشتووتری کەرکووکیش دەڵێ: سەرۆک بارزانی دڵگرانە بە ڕەوشی ئێستای کەرکووک و پشتگیری خۆی دووپات کردەوە بۆ کەرکووکیەکان.

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی پێشوازییەکی گەرمی لە نوێنەرانی خەڵکی کەرکووک کرد، نوێنەری کورد، عەرەب، تورکومان و کریستیانی تێدابوو، سەرۆک بارزانی زۆر دڵگرانە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک، بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوو روویاندا، بەڕێزیان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاشکرا بکرێن و تۆمەتباران بگەنە سزای خۆیان.

پارێزگاری پێشووی کەرکووک گوتی: کەرکووک شاری پێکەوەژیانە و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووک بە برایەتی دەژین و کێشە لەنێوان پێکھاتەکانی کەرکووک نییە، بەڵام بەداخەوە دەستێک ھەیە بۆ تێکدانی ڕەوشی کەرکووک و تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووک.
عەبدولڕەحمان مستەفا ڕوونیکردەوە: سەرۆک بارزانی بە وردی گوێی لە ھەموو داواکاری و پێشنیازی نوێنەرانی پێکھاتەکانی کەرکووک گرت و بەڵێنی پێداین بەردەوامبێت لە پشتگیری کەرکووکیەکان بەبێ جیاوازی، یەکێک لە داواکارییەکانی ئێمەی نوێنەری پێکھاتەکانی کەرکووک جێبەجێکردنی یاسابوو بەسەر ئەو کەسانەی دەستیان ھەبووە لە شەھیدکردنی گەنجانی کەرکووک و ئاڵۆزکردنی ڕەوشی کەرکووک.

Back to top button