عەلی حوسێن: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریی کردووە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتییش لیژنەیەکی تایبەت  کاری لەسەر دەکات و بەردەوامە لە کارەکانی خۆی.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەرین، عەلی حوسێن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ”لیژنەیەک پێک هاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەو لیژنەیە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات و لە کارەکانی خۆی بەردەوامە.”

عەلی حوسێن گوتیشی: ”پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش وادەی هەڵبژاردنی دیاری کردووە.”

حوسێن ڕوونیشی کردەوە: ”بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش خەڵکی تایبەتمەند دیاری کراون لە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە هەڵبژاردن.”

Back to top button