فراکسیۆنی پارتی : بۆ خەرجکردنی بودجە چاوەڕێی دەرکردنی ڕێنماییەکان دەکرێت

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق گوتی: بۆ خەرجکردنی بودجە و جێبەجێکردنی چاوەڕێ دەکرێت ڕێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی دەربچن، پێویستیشە پەلە بکەن لە دەرکردنی ئەورێنماییانە، چونکە دواکەوتنی دەرکردنی ڕێنماییەکان هەر بۆ هەرێم نا، بۆ عێراقیش باش نیە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دوای پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمان، سەرۆکایەتی کۆماریش پەسەندی کرد و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، ئەوانیش بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقیان ناردووە بۆ دەرکردنی رێنمایی و جێبەجێکردنی بودجە، تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەریوان قەرەنی گوتیشی: هەفتەی ڕابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و کاری خۆی ئەنجامداوە و لەگەڵ وەزارتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتنی کردووە و هەموو پرسەکان گفتووگۆی لەسەر کراوە، لەوانە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ، بڕیاربوو ئەم هەفتەیە شاندەکەی هەرێم جارێکی دیکە بێتەوە بەغدا ، بەڵام بەڕای من بەهۆی دەرنەکردنی ڕێنماییەکانی بودجە شاندەکە نەهاتە بەغدا، بڕیارە دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان ڕێککەوتنەکەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
قەرەنی ڕوونیشیکردەوە: پێویستە بەزووترین کات ڕێنمایی دەربچێت بۆ ئەوەی بودجە خەرج بکرێت نەک تەنها بۆ هەرێم بۆ عێراقیش، بۆیە دواکەوتنی خەرجکردنی بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی کارێکی باش نیە بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە تا ڕێنمایی دەرنەچێت بودجەکە بۆ وەزارەتەکان ناچێت تا خەرج بکرێت ، حکوومەتی عێراق لەپێناو سەقامگیری عێراق لەهەموو ڕوویەکەوە پێویستە هیچ گرفتێکی لەگەڵ هەرێم نەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەسەقامگیری عێراق و لە دەستووردا هەرێم هەیە و پێویستە هەموو مافەکانی پێبدرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان پشکی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت

Back to top button