فرۆکەکانی تورکیا بنکەیەکی تەندروستی یەبەشەیان لە شنگال بۆردومان کرد

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە شنگال ئاشکرایکرد کە فرۆکەکانی تورکیا بنکەیەکی تەندروستی سەر بە چەکدارانی پەکەکەیان لە گوندی سكینیێی قەزای شنگال بۆردومان کرد.

میرزا خه‌له‌ف، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال  رایگەناد: “ئەمڕۆ سێشەممە 17ی8ی2021، لە گوندی سكینیێ لە شنگال بنكەیەکی تەندروستیی سەر بە یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەبەشە)یە كە باڵێكی پەكەكەیە، لەلایەن فرۆکەکانی تورکیا زیاتر لە سێ جار بۆردومان کرا، لە ئەنجامی بۆردومانەکەش کوژرا و برینداری لێکەوتەوە”.

ئەم بۆردومانکردنەی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی پەکەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 16ی8ی2021، پێش ئەوەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی گوندی کۆچۆ لە شنگال بکات ئۆتۆمبێلێکی دیکەی چەکدارانی پەکەکە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە کرایە ئامانج و کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، کە لەنێویاندا فەرماندەیەکی پەکەکە بەناوی سه‌عید حوسێن هەبوو.

Back to top button