فوئاد سدیق: سێ نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێنەوە

بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سێ نەخۆشخانەی دەروونی لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک دەکرێنەوە، دەشڵێ: شوێنی نەخۆشخانەکان دیارکراوە و وەزارەتی تەندروستی خەریکی ئامادەکردنن.

فوئاد سدیق، ڕاوێژکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: سێ نەخۆشخانەی دەروونی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، پێشتر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە و بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ستافی ھەرسێ نەخۆشخانەش دامەزراون لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی ئەو نەخۆشخانانەی دەروونی دەکرێنەوە و نەخۆشی دەروونی وەردەگرن.

ڕاوێژکاری وەزارەتی کارۆوباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: دواکەوتنی کردنەوەی ئەو سێ نەخۆشخانەیە بۆ نەبوونی بینای نەخۆشخانە دەگەڕێتەوە، ئێستا شوێن دابینکراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی خەریکی ئامادەکردنی ئەو شوێنانەیە بۆ نەخۆشخانە، چونکە نەخۆشخانە مەرجی خۆی ھەیە.

فوئاد سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەو سێ نەخۆشخانەیە تایبەت دەبن بە ئافرەتان، واتە تەنیا نەخۆشی ئافرەت وەردەگرێت و  بە ھەماھەنگی وەزارەتی تەندروستی دەمانەوێ ئەوانەی نەخۆشی دەروونییان ھەیە لەو سێ نەخۆشخانەیە کۆ بکرێنەوە و چاودێرییان بکرێت، چونکە نەخۆشخانەی پیاوان ھەیە بۆ نەخۆشیە دەروونیەکان پێویستمان بە نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ئافرەتانە.

Back to top button