فەرمى.. ڕاهێنەرى سوید چارەنوسى ئیبراهیمۆڤیچى یەکلاکردەوە

دواى پێنج ساڵ لە وازهێنان، بەفەرمی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بانگهێشتى ڕیزى هەڵبژاردەى سوید کرایەوە.

یان ئەندرسۆنى ڕاهێنەرى سوید لیستى یاریزانە بانگهێشتکراوەکانى هەڵبژاردەکەى بۆ پاڵاوتنەکانى مۆندیالى 2022 بڵاوکردەوە و بۆ یەکەم جار لە دواى 2016وە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچى هێرشبەرى یانەى میلانى ئیتاڵى بانگهێشتکراوەتەوە بۆ دوو یارى داهاتووى بەرامبەر جۆرجیا و کۆسۆڤۆ لە پاڵاوتنەکانى مۆندیال و یارییە دۆستانەکەى بەرامبەر ئیستۆنیا لە کۆتاییەکانى ئەم مانگەدا.

ئیبراهیمۆڤیچى، کە پێنج ساڵە وازى لە یارى نێودەوڵەتى هێناوە، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەنوسیدا دەرگاى گەڕانەوەى بۆ ڕیزى هەڵبژاردەکەى کردەوە و ڕاهێنەرى سویدیش بەفەرمى بانگهێشتى کردەوە.

ئیبرا 62 گۆڵى لە 116 یاریدا بۆ سوید تۆمارکردووە، پێش ئەوەى واز لە یارى نێودەوڵەتى بهێنێت، دواى کرانە دەرەوە زووەکەیان لە جامى یۆرۆى 2016دا.

هۆکارى بانگهێشتکردنەوەى ئیبراى 39 ساڵ، بەهۆى ئاستە بەرزەکەیەوە بوو، کە لەم وەرزەدا تا ئێستا لە 14 یاریدا 14 گۆڵى بۆ میلان تۆمارکردووە.

 

Back to top button