قایمقامی پیرمام: ئەنجوومەنی وەزیران فەرمان بۆ کردنەوەی سێ ناحیە دەردەکات

قایمقامی پیرمام ئاشکرایکرد: دوای بڕیار و پەسندکردنی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سێ ناحیەی نوێ لە قەزای پیرمام دەکرێنەوە.

حامید کاکەیی، قایمقامی پیرمام ڕایگەیاند: دوا بەدوای بڕیاری بە قەزابوونی پیرمام، بڕیارە سێ ناحیەی نوێ لە قەزای پیرمام بکرێنەوە ئەوانیش “ناحیەکانی بەستۆرە، کۆڕێ و بناری سەفین”ن ڕێکاری بوونە ناحیەی ئەو سێ شوێنە گیراوەتە بەر لە وەزارەتی ناوخۆ ڕەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، دوای دەرچوونی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران هەرسێ ناحیەکە بە فەرمیی دەکرێنەوە.

قایمقامی پیرمام گوتی: جگە لە کردنەوەی ئەم سێ ناحیەیە ناحیەی دارە شەکران دەگوازرێتەوە سەر قەزای پیرمام و سنووری قەزاکە چوار ناحیە دەگرێتەوە.

حامید کاکەیی ڕوونی کردەوە:  ئێستا ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگاوبان و کارەبا لە سنووری قەزای پیرمام جێبەجێ دەکرێن و قۆناغی باشیان بڕیوە و دوای تەواوبوونیان دەکەونە خزمەت هاوولاتییانی سنوورەکە، پلان بۆ پڕۆژەی دیکەش هەیە، هەرکات پارەی پێویست تەرخان بکرێت ئەوانیش دەخرێنە بواری جێبەجێکردن.

Back to top button