قوباد تاڵەبانی بۆ بازرگانانی سلێمانی: دەستوەردان لە کاروباری بازاڕ بنبڕدەکەین

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند، لەمەولا بازاڕ ئازادتر دە‌بێت و كێبڕكێی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دەکەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-07-2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و باسی لە گرنگیی كە‌رتی تایبە‌ت كرد و رایگەیاند: “حكومە‌ت كارئاسانی دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی كە‌رتی تایبە‌ت بە‌ھێزتر بێت و ھاوكاربێت لە‌گە‌ڵ كە‌رتی گشتی لە‌ رە‌خساندنی هەلی كار و بووژاندنە‌وە‌ی ژێرخانی ئابووری.”
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتویەتی “چیتر هیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان لە كاروباری بازرگانی بکات و بازاڕ قۆرخ بكات.” دەشڵێت “‌ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانە‌ و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و هەر بابە‌تێكی دیکە بە دوور بگرن.”
لە‌ بە‌شێكی دیکەی قسە‌كانیدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لەوە کردووە کە “دە‌بێت فە‌رمانگە‌كانی حكومە‌ت كارئاسانی بكە‌ن لە‌پێناو راییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دە‌كە‌ن و كێبڕكێیە‌كی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دە‌كە‌ن.”
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژە‌ی بە‌كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین كرد و پلانی حكومە‌تی بۆ نە‌ھێشتنی رۆتین لە ‌راییكردنی كاروباری بازرگانان و هاووڵاتیان بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی روونکردەوە و گوتیشی “دە‌سە‌ڵاتە‌كان شۆڕدە‌كرێتە‌وە‌ بۆ پارێزگا و بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تییە‌كان بۆ ئە‌وە‌ی رۆتین كە‌مبكرێتە‌وە‌ و باشتر خزمە‌تی هاووڵاتیان بكرێت.”
یەکێک لە بازرگانانی سلێمانی کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربووە و نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت راگەیاند “قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە بازاڕی سلێمانی و سنوورەکان و کۆتایی بە قاچاچیێتی دەهێنن.”
ئەو بازرگانە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی، دەسەڵاتەکان لە حکومەتەوە شۆڕدەکرێنەوە بۆ خوارەوە و ئەمەشی بە “هەنگاوێکی باش” بۆ خزمەتکردنی سلێمانی ئاماژەپێدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەدا کە قوباد تاڵەبانی دڵنیایی داوەتە بازرگانەکان و راگەیاندووە “کاروباری خۆتان بکەن و کەس بۆی نییە دەستوەردان لە کاروبارەکانتاندا بکات.

Back to top button