كاتی كۆتایی هاتنی گەرما ڕاگەیەنرا

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، تا كۆتایی ئەم هەفتەیە پلەكانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە و لە هەفتەی داهاتووەوە كۆتایی بە گەرمای هاوین دێت و پەلەكانی گەرما زیاتر ڕوو لە دابەزین دەكەن.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما “کەمێک” نزم دەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ؛ خێرایی با لە کاژێرێکدا 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت.

لای خۆشیەوە، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “بەهۆی کورتبوونەوەی مەودای ڕۆژەوە پلەی گەرما شەوان زیاتر دادەبەزێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر لەم ڕۆژانەدا هەستی پێدەکرێت”.

وتیشی، “لە 10ی ئەیلوولەوە دابەزینی پلەی گەرما دەستپێدەكات و جارێكی دیكە لەم وەرزەدا پلەی گەرما بەرزنابێتەوە”.

وەرزی هاوین تەنها 15 ڕۆژی ماوە و بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكانیش پاییز و زستانی ئەمساڵ بەهۆی كۆتایی هاتنی دیاردەی لانیناوە دوو وەرزی پڕ باران و بەفر دەبن و تێكڕای دابارین لە ئاستی پێویستدا دەبن و كۆتایی بە وشكەساڵی دێت.

Back to top button