كاتەكانی بانگدان لە هەرێمی كوردستان رێكدەخرێنەوە

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، پڕۆژەیەك ئامادە كراوە بۆ ئەوەی كاتەكانی بانگدان لە هەرێمی كوردستان رێك بخرێتەوە و لە هەر پارێزگایەك مزگەوتەكان لە یەك كاتدا بانگ بدەن.
نەبەز ئیسماعیل ڕایگەیاند، كی لە مزگەوتەكان لە یەك كاتدا بانگ نادرێت، بۆ نمونە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك لە مزگەوتێك بانگ دەدرێت و لە مزگەوتێكی دیكە دوای پێنج خولەك بانگ دەدرێت، بۆیە لیژنەی فەتوا بە هاوكاریی مامۆستایانی ئایینی خۆیان دانیشتن دەكەن و كاتەكانی بانگدان رێك دەخرێت.
وتوشیەتی، پێویستە لە دهۆك لە مزگەوتەكان لە یەك كاتدا بانگ بدرێت نەك هەر یەكێك لە كاتێكدا بانگ بدات، بۆیە هەموو رایەكان لەسەر ئەو بابەتە لە رایەكی بەهێزدا كۆدەكرێنەوە و ئەوكات بڕیاری لێ دەدرێت، بەڵام لە هەر پارێزگایەك رەنگە جیاوازی هەبێت لە كاتی بانگدان، بۆیە ئەوەش بە رەچاوكردنی بنەمای جیۆگرافی شوێنەكە دەبێت.
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئێستا لیژنەی باڵا كۆبوونەوەی خۆی كردووە و لیژنە لاوەكییەكانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتن، كە تەواو بوون و هاتنەوە بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە دەدرێت.

Back to top button