كامە شار زۆرترین ڕێژەی باران بارین تێیدا زۆر دەبێت؟

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی ڕێژه‌ی بارانبارینی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ شه‌پۆڵه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا ئاشكرا كرد كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات و تا رۆژی پێنجشه‌م به‌رده‌وامی هه‌بێت.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێ له‌ شه‌پۆڵی ئه‌مجاره‌ی بارانباریندا زۆرترین ڕێژه‌ی باران له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ببارێت كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕێژه‌كه‌ بكاته‌ 100 ملم و هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌م دوو پارێزگایه‌ش ڕه‌نگه‌ ڕێژه‌كه بگاته‌ 150 ملم.

راشیگه‌یاند: له‌ پارێزگاكانی تریش باران به‌ڕێژه‌ی زۆر و جیاواز ده‌بارێت، بۆ نموونه‌ پێشبینی ده‌كرێ له‌ سه‌نته‌ری پارێزگای كه‌ركووك رێژه‌ی بارانبارین 60 تا 80 ملم بێت، هه‌روه‌ها له‌ سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێریش 40 تا 60 ملم بێت، له‌ سه‌نته‌ری دهۆك 60 تا 80 ملم باران ببارێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێ لە ناوچە شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و ناوچەکانی ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی راپەرین ئەگەر ھەیە بە جیاوازی ناوچەکان 100 تا 150 ملم زیاتر باران ببارێت، هه‌روه‌ها سەرجەم ناوچەکانی سنووری گەرمیانیش لە 40 تا 60 ملم باران ده‌بارێت و ڕه‌نگه‌ له‌ ھەندێ ناوچەش بەدیاری نەکراوی زیاتر بێت .

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاو و دروستبوونی لافاو، ئاراس جه‌بار گوتی: لە زۆربەی ناوچەکان ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەبێت و بە تایبەتیش لە ناوچە نزمەکان‌ مەترسی روودانی لافاو زۆرە، بە تایبەتیش لە كاته‌كانی نیوەرۆی رۆژی چوارشەم تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەم.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بەھێزترین کاریگەری ئەم شەپۆلە دەکەوێتە نێوان كاته‌كانی نیوەرۆی رۆژی چوارشەم تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەم کە پێشبینی دەکرێت بارانبارینەکان زۆر بە خوڕ بن و ھەندێ کات تەرزە و ھەورەبرووسکەی بەھێزیشی لەگەڵ ده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی کە لە کاتی باراندا خێرای باش چالاکتر دەبێت.

Back to top button