كۆمەڵی ئیسلامی كارگە و سەرچاوەی داعشە لە هەرێمی كوردستان

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ڕای دەگەیەنێت کە زۆربەی ئەو کەسانەی توندڕەون و چونەتە نێو گرووپە جیھادیەکان ، لەسەرەتادا لەناو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی خزمەتیان کردوە و پێی وایە کۆمەڵ کارگەی بەرھەم ھێنانی توندڕەوەکانی ناو کوردە.

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/1/2021، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ باره‌ی ڕای هه‌ندێ ڕه‌وتی ئیسلامی و قۆستنه‌وه‌ی ئازادیی فه‌راهه‌مكراوی كوردستان بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ پیلان، ڕاگه‌یاند: ”ئه‌وانه‌ی سوودیان له‌و ئازادییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هەیە، وه‌رگرتووه‌، حزبه‌ ئیسلامییه‌كانن و له‌ ناویاندا عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵ و حزبه‌كه‌ی هەن، ئه‌م ئازادییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تێكۆشه‌رانی ڕێگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و له‌ پێشیانه‌وه‌ پارتی و حزبه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیتر وه‌دی هاتووه‌، كه‌ هه‌زاران شه‌هیدیان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ هه‌رێمی ده‌ستووریی كوردستاندا، ئازادیی كاری سیاسی، رۆژنامه‌گه‌ری، ڕاده‌بڕین و ئازادیی بیروباوه‌ڕ فه‌راهه‌م بكه‌ن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و عه‌لی باپیر، خراپ سوودیان له‌و ئازادییه‌ وەرگرتووە بۆ ئامانجی خۆیان و “زۆر به‌ دووڕوویی به‌كاری ده‌هێنن، بۆ نموونه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا مینبه‌ری مزگه‌وتیان بۆ هاندانی توندویژی و هێرشكردنه‌ سه‌ر ئافره‌ت و ئازادییه‌كان و رۆشنبیر و نووسه‌ران و خه‌ڵكی عه‌لمانی و بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی به‌كار هێناوه، له‌ مینبه‌ره‌وه‌ به‌رگرییان له‌ مورسی و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كردوه‌، له‌ هه‌ر شوێنێكی دوینا هێزێكی ئیسلامیی توندڕه‌و هه‌بووبێ ئەم جۆرە ئیسلامییانە هەوڵیان داوە مینبەری مزگه‌وت بۆ به‌رگری له‌و جۆره‌ سیسته‌مانه‌ به‌كار بهێنن، له‌ كاتێكدا ئه‌و سیسته‌مانه‌ له‌ سوودان و میسڕ و حه‌ماس دیار بوون چی بوون و شكستیان هێناوه‌، كەچی رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و مینه‌به‌ره‌یان بۆ به‌رگریكردن له‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی خۆیان و‌ هه‌موو ئه‌و مافه‌ ده‌ستوورییانه‌ی له‌ به‌غدا هه‌مانه‌، به‌كار نه‌هێناوه‌“.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، له‌ به‌شێكی گوته‌كانیدا، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كە ئه‌م دووفاقییه‌ له‌ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بنه‌مای هه‌یه‌، بنه‌مای فیكر و په‌روه‌رده‌یانه‌، له‌وانه‌یه‌ كۆمه‌ڵ پاساو بۆ توندڕه‌وی بهێنێته‌وه و بڵێ ئێمه‌ به‌رپرس نین‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و عه‌لی باپیر بووه‌ته‌ كارگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی، تەنانەت ”به‌شێكی توندڕه‌وه‌كان ڕه‌گ و ڕیشه‌یان بۆ سه‌ره‌تای ڕێكخستنیان له‌ ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی دەگەڕێتەوە كه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵی ئیسلامی خه‌ڵكی پێ په‌روەردە دەكەن و له‌ مزگه‌وت خه‌ڵكی پێ هان ده‌دەن، جێی مه‌ترسییه‌، “بۆ داهاتووش، ناتوانی جڵه‌وی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ی كه‌ ئه‌وان په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ن. پێشتریش خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر توندڕه‌وی ده‌ستگیر كراون و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌رگریی لێ كردوون و به‌ ئه‌ندامی خۆی زانیون‌، به‌ گشتی فیكر‌ی كۆمه‌ڵ دژی بابه‌تی نه‌ته‌وەیی و نیشتنمانییه‌ و ئاو له‌ ئاشی تیرۆر و تیرۆریستان دەكات“.
بڵند ئیسماعیل، گوتیشی: ”ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ مینبه‌ر‌ی مزگه‌وت بۆ په‌رستنی خوای گەورە به‌كار بێ، به‌ڵام چی تێدایه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌رگری له‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ بكرێ كه‌ شكۆی خه‌ڵك و خاكی پاراستووه‌، چی تێدایه‌ كه‌ له‌ ڕێیه‌وه‌ پارێزگاری له‌ قه‌واره‌ی كوردستان بكه‌ی كه‌ هه‌مووانی تێدا ده‌ژین، چی تێدایه‌ به‌رگری له‌ سه‌ركره‌كانمان بكرێ كه‌ به‌ خوێن و خه‌باتی خۆیان ئه‌و قه‌واره‌یه‌یان دروست كردووه؟“.
جەختیشی كردەوە كە ”‌ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێیان وایه‌ ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ كوردایه‌تی، ده‌پرسین له سه‌روه‌ختی‌ كیمیاباران و ته‌ختكردنی گونده‌كان، توانییان چه‌ند چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كان وه‌ربگرن؟ توانییان به‌ییاننامه‌یه‌ك به‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌ربكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا هه‌بوون؟ كه‌واته‌ “ئه‌وان هه‌رچییه‌ك ده‌كه‌ن له‌ خزمه‌ت توندڕه‌وی ئیسلامی و شۆڤێنیزمی نەتەوە داگیركارەكانی كوردستانە و ئاو له‌ ئاشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كورد ناكه‌ن”.
ئه‌وه‌شی بیرهێنایه‌وه‌، كه‌ “ئه‌و رۆژه‌ی گوێڕ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، هه‌ندێ كه‌س له‌ باشووری هه‌ولێر ئاڵا داعشیان هه‌ڵده‌دا و ده‌شمانزانی كێن و خه‌ڵكیان تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌كرد”.

له‌ باره‌ی هۆی به‌ئامانجگرتنی سه‌رۆك بارزانی و پارتی، گوتی: “ڕوونه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی و پارتی بۆیه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج، چونكه‌ دۆز‌ و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بارزانی و پارتی خاوه‌نیه‌تی و لای پارتی و ڕێبازی بارزانییه‌، سه‌رۆك بارزانی مه‌رجه‌عی باڵایه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌‌ تیری نه‌یارانی كورد ڕوو له‌ پارتی و سه‌رۆك بارزانی بێ، به‌ڵام سروشتی نییه‌ عه‌لی باپیر و هاوشێوه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌مان ئامانج بن، له‌ كاتێكدا سوودیان له‌و ئازادییه‌ و قه‌واره‌یه‌ وه‌رگرتووه‌”.
له‌ باره‌ی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی گوتی: ”هه‌موو دنیا شاهێدی بۆ سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ده‌دا، هاوپه‌یمانان له‌ ڕێی سه‌رۆكی وڵاته‌كانیان و وه‌زیری به‌رگرییانه‌وه‌، ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه‌ داوه‌ و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستی بووه‌، نه‌ك شتێكی دیكه“.

Back to top button