كەشناسی هاتنی شەپۆلێكی باران بارین ڕادەگەیەنێت

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لەم هەفتەیەدا كەشێكی ناجێگیر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن و باران بارین چەند ناوچەیەك دەگرێتەوە.

دەستەی گشتی کەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و لە هەرێم ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری باران بارین هەیە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك.

باسی لەوەشکردووە، لە هەرێم لە ڕۆژی سێ شەممەوە کەشی فێنک و ئاسمانی نیمچە هەور دەبێت تا ڕۆژی پێنج شەممە.

لای خۆشیەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی  ڕایگەیاند، پێشبینی ده‌كه‌م كۆتایی ئه‌م مانگه‌ و به‌دیاری كراویش ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ ی ئه‌م مانگه‌ كه‌شێكی ناسه‌قامگیر له‌ به‌شێكی ناوچه‌ كوێستانیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت به‌هۆی گه‌یشتنی نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك و بارینی باران له‌ ناوچه‌كانی باكوری كوردستان.

ڕاشیگەیاند، له‌ سنوری ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و سۆران و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و دهۆك-یش ئه‌گه‌ری تاوه‌ باران و هه‌وره‌تریشقه‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی ناوبه‌ناو، به‌ دوریشی نازانم باران بارین شۆڕ ببێته‌وه‌ بۆ هه‌ندێك له‌سه‌نته‌ری شاره‌كانیش و‌ پله‌كانی گه‌رماش نزم ده‌بێته‌وه‌ و كه‌شێكی فێنك ده‌ست پێده‌كات.

Back to top button