كەشناسێك: مەترسی وشکەساڵی کۆتایی هات

کەشناسێک ئاشكرای دەكات، مەترسی وشكەساڵی لە هەرێمی کوردستان كۆتاییهاتووە و دەشڵێت: پێشبینی كراوە لە مانگی 3 و لە مانگی 4 دا بارانبارین زیاتربێت.

سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسی هەرێمی كوردستان  راگەیاند: “سوپاس بۆ خودای گەورە لە هەموو ناوچەکان بارانی پێویست باریووە و رێژەی بارانبارین زۆر زیاترە لە پارساڵ، وەرزی بارانبارینیش سێ مانگی ماوە، له کاتێکدا هەندێ کەس خەڵکیان بە نەمانی ئاو و وشکبوونی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو دەترساند.”

ئاماژەی بەوەش دا: “هیچ مەترسییەکی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەئارادا نییە، چونکە هەڵکەوتەی ناوچەکەمان پڕە لە سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویی و هەرگیز توشی مەترسی لەو شێوەیە نابین کە باس دەکرا.”

ئەو كەشناسە هەواڵێكی دڵخۆشكەری دیكەشی خستە ڕوو، گوتی: “تاوەکوو 20 رۆژی دیكەش باران نەبارێت كێشەیەك نییە، چونكە لەو ماوەیەدا بەفر و بارانی باش باریووە، هەروەها بەپێی پێشبینییەكان لە مانگی 3 و لە مانگی 4دا بارانی باش دەبارێت”.

سیروان ساڵح، روونیشی كردەوە، لە هەولێر، سلێمانی و دهۆكیش بارانبارین باشە، لە هەندێك شوێن كەمباریووە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لەو شوێنانەش لە ماوەی داهاتوودا بارانی باش ببارێت.

ئەو كەشناسە داتایەكی فەرمی لەبارەی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و پارساڵ لە گەرمیان خستە ڕوو، گوتی: “لە پێنج ناوچەی گرنگی گەرمیان بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆر زیاترە، لە كفری پار 100 ملیمەتر باران باری بوو، ئەمساڵ 186 ملیمەترە، لەخانەقین 79 ملیمەتر باری بوو، ئەمساڵ 154 ملیمەتر باریووە، لە پێباز پارساڵ 140 ملیمەتر بوو، ئەمساڵ 220 ملیمەتر باریووە، لە مەیدان 186 ملیمەتر بوو، ئەمساڵ 263 ملیمەترە، لە كەلار 75 ملیمەتر باری بوو، ئەمساڵ 164 ملیمەتر باریووە.”

Back to top button