لاهور جەنگی: ئەوەی ئێستا لە نێوخۆی یەكێتی و هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لاهوور جەنگی سەبارەت بە بەستنی پێنجەم كۆنگرەی یەكێتی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا رای گەیاند كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لیستی خۆی دەبێت.

لە پەیامەكەیدا دەڵێ، ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە ‌‌حیزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت.

‎دەشڵێ، کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕوونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم ‌‌حیزبەدا دێنێت. تەنگەتاوبوون و ئەو پەلە پەلەش لەم کات و ساتەدا ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەوە بێت کە بەخەیاڵی خۆیان مافی یەکێتیبوون لە من و هەڤاڵەکانم و هەزاران هەڤاڵ و تێکۆشەر و ئەندامی یەکێتی وەربگرنەوە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە و زیان و مەترسییەکانی بکەنەوە.


‎ جەنگی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بە ئەوە داوە، ئێمە چاوەڕوان بووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی ٨ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە و چیتر ئەم ‌حیزبە تێکۆشەرە، پارچە پارچە نەکەن، دەشڵێ بەداخەوە وا دیارە دەرسیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان.

 

‎روونیشی كردووەتەوە، هەمووتان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە دوای ئەنجامدانی کەتنەکەیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە جگە لەو تۆمەتە دروستکراو و بێبنەمایانەی کە بۆ ڕەوایەتیدان بە کودەتاکەیان ئاراستەی ئێمەیان کرد و سەرباری ئەوەی کە دەیان کاری نایاسایی و ناپەیڕەوی و ناحیزبییان بەرامبەر بە ئێمە و هەزاران کادر و تێکۆشەر و کەسوکاری شەهیدان ئەنجامدا، تەنانەت لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چووە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، کە بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژووی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی ‌حیزبەکە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی زۆرینەی یەکێتییەکان بەڕێوە بەرن، نەیانتوانی لە ئاست کێشە و قەیرانەکاندا ڕۆڵی مێژوویی یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەناو حکومەتدا لە بەرژەوەندیی خەڵک پیشان بدەن، لە جیاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕاستەقینە، خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد و چەندین کاری ناپەسەندیان ئەنجامدا و لە ناوخۆشدا کەس نازانێ کێ دۆستە و کێ نەیار.

‎جەختیشی دەكاتەوە، خۆشبەختانە ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرابوون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بوو، دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو و تۆمەتی بێبنەما و بە زەبری هێز و ترس و تۆقاندن و پەنابردنە بەر ڕێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا، هەموو هەوڵێكتان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و برسیکردنی کادیر و جەماوەر بوو، هەوڵی ئێوە بۆ خۆ بەهێزكردن و لاوازكردنی هەڤاڵان و تێكۆشەران و خەمخۆرانی یەكێتی و خودی یەكێتی بوو. دەرکەوت کە كێ ویستی یەكێتییەكەی کۆمەڵانی خەڵک دەستەمۆ بكات و دەنگی ئازادی تێدا کپ بکات بە كۆمەڵێك خەڵكی بەرژەوەندیخواز و و دوورخستنەوەی دەنگە ئازا و دلێرەكان.

‎لاهوور جەنگی، لە بەرپرسانی ئێستا یەكێتی دەپرسێ: “لە دوای ٨ی تەمووزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت، ڕۆژ بەڕۆژ شکستتان کردە گەردنی حیزبەکە، پاشەکشەی یەکێتی لە ئەنجامی دەنگەکانی و خراپیی دۆخی هەرێم و دۆخی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگانەکان و دەستگرتن بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و بێ ڕۆڵکردنی دادگاکان و بەسەربازگەکردن و داگیرکردنی زەوییە گرانبەهاکان و هەڕاجکردنیان و دەیان چەوتی ترتان دەریخست کە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتییەکان چەند لێتان نیگەران و تووڕەن، ئێستاش بەم کۆنگرەیە دەتانەوێت سەرکردایەتییەکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانن ڕەخنە لە شکست و هەڵەکانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکەن و یەکێتی لە حیزبێکی دیموکراسیخوازەوە بکەن بە قەولی خۆیان بە حیزبێکی مەرکەزی و تەنیا قسەی یەک کەس جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەناو یەکێتیدا نە جێگەی بۆتەوە و نە قبوڵکراویش بووە، دڵنیابن ئەمە تاسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەقورسی باجی ئەو هەڵانەتان دەدەن كە بەرامبەر بە شکاندنی کەرامەتی سیاسی كادیر و سەركردە و خوێنی شەهیدانی ئەم حزبە دەیکەن.”

‎ئاماژەی بە ئەوەش دا، هەڤاڵان ئەوەی دەگوزەرێت لە ئێستادا لە نێوخۆی یەكێتی و هەرێمیش كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن كە بانگەشەی چاكسازییان دەکرد، بەڵام ئێستا خۆتان دەیبینن، بەویژدانەوە بڕیاربدەن کە چییان لە یەكێتی كردووە، ڕۆژ نییە یەكێتی تووشی شكستی سیاسی و دیبلۆماسی و دیموكراسی نەكرێت.

‎ناوبراو راشی گەیاند، من و هەڤاڵەکانم کە پەرۆش و خەباتگێڕی ڕێگا ڕاستەکەی یەکێتین، بە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەپێنراوە، بە دیدی ئێمە یەکێتی بەر لەوەی حیزبێک بێت بکرێتە موڵکی کەسێک و خێزانێک حیزبی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتی بەرلەوەی حیزبیش بێت فیکر و ئامانجی باڵای تێکۆشانە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکانی گەلی کوردستان، بە داخەوەین کە لە ئێستادا لە هەموو ئەو بەهایانە داماڵراوە و گرووپێک ئامانجەکانیان بەلاڕێدا بردووە و لە حیزبێکی کاریگەرەوە کردوویانە بەدامەزراوەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی مشەخۆر، کردوویانە بە گیرفانێکی گەورەی بەرژەوەندی.ئێمە لە پرۆسەی سیاسی دانابڕێین و بەردەوام دەبین تا بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانمان، هەڵگری شاڕێگاکەی یەکێتیی گەل و پاراستنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەی دەبین.

‎روونیشی كردووەتەوە، هەر بۆیە لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسیی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانمان کە خۆی لە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری دەبینێتەوە، ئێمە ئاواتمان بەوە نەدەخواست بگەینە ئەم ڕۆژە و یەكێتی بەم جۆرە ببینین، بەڵام ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبوون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە، ئۆباڵی ئەو لێکترازانەش هەڵناگرین و بەرپرسیارێتی مێژوویی شکستی ئەم یەکێتییە لە ئەستۆی ئەوانەیە کە یەکێتییان بەم ڕۆژە گەیاند.مێژوو شاهیدە و دەیسەلمێنێت كێ ئەم دۆخەی خوڵقاند، دەشبێت شان بدەنە بەر دەرئەنجامەكانی هەر شكست و دۆڕان و ماڵوێرانییەك كە لە ئایندەدا لە نێو یەكێتی ڕووبدات.

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا لاهوور جەنگی دەڵێ، دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین.

Back to top button