له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌زاران هه‌لی كار له‌ بواری كه‌رتی كشتوكاڵدا ده‌ڕه‌خسێندرێن

((خۆر))-

له‌ هه‌رێمی كوردستان (156) پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی جێبه‌جێ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی نێوان به‌رهه‌می ناوخۆیی و هاورده‌كردن كه‌مببێته‌وه‌ و بەهۆیەوە هه‌زاران هه‌لی كار بۆ هێزی كاری ناوخۆیی دەڕه‌خسێنرێت.

د.محەممەد شوکری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، دوای توێژینه‌وه‌یه‌كی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ژماره‌یه‌ك لایه‌ن، له‌سه‌ر بازاڕی كاڵا و كه‌رسته‌ی كشتوكاڵی، ده‌ركه‌وت ئێمه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌ نێوان به‌رهه‌مهێنان و هاورده‌كردن و هه‌وڵمان دا چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ڕوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌.

گوتیشی: پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م 156 پڕۆژه‌ی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌وه‌. بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی نێوان به‌رهه‌م و هاورده‌ له‌ بواری كشتوكاڵ.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه‌ و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی، ده‌رفه‌تی كار بۆ هێزی كاری ناوخۆیی ده‌ڕه‌خسێنێت.

دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پلانی ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ بۆ فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان و له‌ میانی سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، “مه‌سرور بارزانی” بۆ هۆڵه‌ندا ته‌وه‌رێكی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی هۆڵه‌ندا بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی هۆڵه‌ندییه‌كان، به‌ تایبه‌تی خانووی شوشه‌یی وه‌رچه‌رخان له‌ كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان رووده‌دات.

Back to top button