لیژنه‌ی مافی مرۆڤ لاهوور جه‌نگی نایه‌ڵێت كه‌یسی ئامانج بابانی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕێچكه‌ی خۆی بگرێت

بەهۆی ئەگەری تێوەگلانی پۆڵادی برای لە كەیسەكە، لاهوور جەنگی ڕێگە بە دادگای سلێمانی نادات دۆسیەی كوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی دەست پێ بكاتەوە.
لەمبارەیەوە سەفین گەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند، پێشتر لێژنەیەكی پەرلەمانی دروست كراوە، بەدواداچوونیان بۆ كەیسەكە كردووە، بەڵام “دادگای سلێمانی لەبەر دەستی ئەوانە و چۆنیان بوێت ئاوای دەسووڕێنن، كەیسەكە لە دادگا داخراوە، لێژنەی مافی مرۆڤ سەردانی ئەو ماڵەیان كرد و بەدواداچوونیان كرد، هەوڵدەدرێت لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەست پێ بكرێتەوە، بەڵام ڕێگە نادرێت”.
جەختیشی كردەوە: “دادوەرەكانیان ئاگادار كردۆتەوە كە نابێت لێكۆڵینەوە لەم كەیسە دەست پێ بكاتەوە. لە كاتێكدا گومان دەكرێت كوژرابن.
ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ە و لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان یادی ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی لاهوور جەنگی و براكانی و گرووپەكەیان دەكردەوە، هەواڵی تیرۆركردنی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لە كەناڵی (NRT)یەوە بڵاو كرایەوە. هەر ئەو شەوە هەندێك لە بەرپرسان لە نێویشیاندا ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەركۆنەی كرد و بە تیرۆر ناوی هێنا.
لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی چەندان زانیاریی دژ بە یەك و ناڕاستیان بڵاو كردەوە و پاشان بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە، ئامانج بابانییان بە بكوژی خۆی و ژن و منداڵەكەی لە قەڵەم دا و دۆسیەكەش بە پاساوی لە ژیان نەمانی تۆمەتبار، لە دادگای سلێمانی داخرا.

Back to top button