لیژنەیەکی تایبەت لە حکوومەت بەدواداچوون بۆ داواکاری و کێشە و گرفتەکانی شارەکان دەکات

بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی تایبەت بەدواداچوون بۆ داواکاری، کێشە و گرفتی خەڵک لە قەزاکان دەکات،  تا ئێستاش سەردانی چەندین قەزایان کردووە، قایمقامی قەزای سێمێلیش دەڵێت: دوای سەردانی لیژنەکە بۆ قەزاکەمان بە گوژمەی 12ملیار دینار پڕۆژەمان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێ، ڕایگەیاند: لیژنەیەک لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت سەردانی هەندێک قەزای کرد، بۆ هەر قەزایەک لیژنەیەکی تایبەت بوو، بۆ قەزای سێمێلیش لیژنەیەک پێکهاتبوو کە چ پڕۆژەیەک پێویستە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێت، هاتن لەگەڵ هەموو دامودەزگاکانی ئێمە کۆبوونەوە، ئێمەش داواکارییەکانی خۆمان خستەڕوو و هەر کەموکوڕییەک هەبوو باسمان کرد، دوای ئەوەی داواکارییەکانیان وەرگرت کە ئێمە بە گوژمەی 500 ملیار دینار پڕۆژەمان پێشکەش کرد، دوای چوونەوە و چەندین کۆبوونە و دیراسەکردن هاتن لەگەڵ پارێزگاری دهۆک کۆمەڵێک پڕۆژەیان ڕاگەیاند بەگوژمەی 12ملیار دینار، 10ملیاری بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و 2ملیاریش بۆکڕینی ئالیات بۆ قەزاکە، بۆیە زۆرینەی پارەکە بۆ شارەوانییەکان و دروستکردنی رێگا ناوخۆیەکان تەرخانکراوە.
خەلیل مەحمود گوتیشی: 17.325کم ڕێگای ناوخۆیی بۆ سەنتەری سێمێل و شارەوانی خانکێ ئەنجامدەدرێ،  نووژەنکردنەوەی ڕێگای حەوت گوندیشی تێدابوو لە سنووری ناحیەی باتێل، لەگەڵ ڕێگایەکی دیکە لە بازگەی ئالۆکا بۆ زاوا و شاریا کە هاتوچۆی زۆری لەسەرە ئەوەش خراوەتە نێو پڕۆژەکان، ئەوانەش  22.800کم ئەوەش ڕەزامەندی لەسەر دراوە جگە لەوەش جادەیەکی گشتیمان هەیە لە پارێزگای دهۆک بۆ قەزای سێمێل دەچێت، بۆ زاخۆ پڕۆژەیەکی کەسکاتی ئەنجامدەدرێت کە هەزار و 900مەتر دەبێت و چەند پڕۆژەیەکی کارەبایشی تێدایە، لەوانە رۆناککردنەوەی سەنتەری شارەوانی مسێریکێ کە پێشتر دووسایدێکی لێ دروستکرابوو و لە ناحیەی خانکێ دووسایدی ناو ناحیەکە ڕۆناک دەکرێتەوە، گوندێکمان هەبوو تا ئێستا کارەبای نەبوو ئەویش کارەبای بۆ دەبردرێت و حەوت قوتابخانەش لە ناحیەی باتێل نوژەن دەکرێنەوە، پڕۆژەی ئاویش بۆ پێنج گوند لە سنووری ناحیەی باتێل ئەنجامدەدرێت.
مەحمود باسی لەوەشکرد: جادەیەکی گرنگیشمان هەیە لە نێوان سێمێل وخانکێ، دەرخستەمان بۆ کردووە، سایدێک هەیە و یەکێکی دیکەشی پێویستە و ڕەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی بڕی 12ملیار دینار بۆی تەنیا ماوە پارەی بۆ تەرخان بکرێت و بدرێتە بەڵێندەر و جێبەجێ بکرێن.
هاتنی ئەولیژنەیە بۆ قەزاکان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگە و گرنگی بە پێویستی و داواکاری خەڵک دەدات.

Back to top button