لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕووداوەکانی کەرکووک ئاراستەی سودانی دەکات

ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک ئاشکرایکرد: لیژنەی دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکانی کەرکووک ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی شاری کەرکووکی کرد و بڕیارە ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕووداوەکانی کەرکووک ئامادە بکرێت و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق  ڕایگەیاند: بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک ئەمڕۆ لیژنەی بەرگری و ئاسایش سەردانی کەرکووکی کرد، لێکۆڵینەوەی لە بەکارھێنانی ھێز بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک دەستپێکردووە، ئەو سەردانە دوای ئەوە دێت لە سەرەتای ئەم حەفتەیە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکانی شاری کەرکووک سەردانی ئەو شارە بکات.

مەریوان قەرەنی گوتی: لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا  ھەوڵ دەدەین زانیاری ورد لەبارەی ڕووداوەکانی کەرکووک کۆبکەینەوە و ئەوانەی بوونەتە ھۆکاری شەھیدکردنی گەنجانی کەرکووک دەستنیشان بکرێن، ئەوانەیش دەستنیشان بکەین بوونەتە ھۆکاری نانەوەی پشێوی و ڕێگەیان نەداوە حزبە کوردستانییەکا بە ئازادانە لە کەرکووک کاری حزبایەتی بکەن.

مەریوان قەرەنی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دوای سەردانی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق راپۆرتێک ئامادە دەکرێت و ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت تا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت بوونەتە ھۆکاری ئەنجامدانی ڕووداوەکانی شاری کەرکووک.

Back to top button