لیژنەی دارایی: بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان هەنگاوێکی گرنگە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان هەنگاوێکی زۆر گرنگە و ئاسانکارییەکی باشە و رۆتین ناهێڵێت و شەفافیەت دروست دەکات، چونکە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا ئەوەیە، کە فەرمانگەکانی حکوومەت بەئەلکترۆنی بکرێن.

نەجات شەعبان، ڕایگەیاند، یەکێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە فەرمانگە حکوومییەکان بەئەلکترۆنی بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەفافیەت و دادپەروەری دروست بێت و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بکرێت و رۆتین نەمێنێت، بۆیە ئەو هەنگاوەی بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینی، زۆر گرنگە.

شەعبان ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردن زۆر گرنگە و کاتی کەمیشی پێویستە، کە خانەنشینان دەتوانن بە کەمترین کات و بە ئاسانی مووچەی خۆیان وەربگرن، هەر بۆیە هەنگاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلکترۆنیکردن زۆر گرنگە و ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامە و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی دامودەزگا حکوومییەکان، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بەئەلکترۆنی کراوە و پرۆسەکەش لەم مانگەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە پێشتر هەموو مانگێک لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبوو، بەڵام بەم هەنگاوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.

Back to top button