لیژنەی نەوت و غاز: ئەم هەفتەیە گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە عێراق زیاتر دەبێت

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز  لە پەرلەمانی عێراق  گوتی: پێویستە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز بە هەماهەنگی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق بنووسرێت، ئێمە پێداگیری دەکەین پێویستە بەپێی دەستوور مافەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن، ئەم هەفتەیە گفتوگۆکان زیاتر دەبن بە ئاراستەی ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە و یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی لە بەغدا شاندی پارتی باسیان کرد یاسای نەوت و غاز بوو، ڕەشنووسەکە چۆن ئامادە بکرێت و ئالیەتی پێویست دابنرێت، بۆیە ئەم هەفتەیە گفتوگۆکان چڕتر دەبن، بەو نیازەی بە ڕێککەوتنی سیاسی کاربکرێت، چونکە ئەو یاسایە زۆر هەستیارە و چارەنووسی هەرێم و ئەوپارێزگایانەی نەوت بەرهەم دێنن دیاری دەکرێت، بۆیە ئەو یاسایە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی  ئێمە لە 2007وە یاسای خۆمان هەبوو و عێراق یاسای نەبوو، بۆیە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم  بەباشی کاری لەسەر دەکەین.

دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: پێویستە مافەکانی خۆمان بەپێی دەستوور و مافە دەستوورییەکان لە ماددەکانی 111 و 112 لەناو یاساکە بچەسپێنین ، جارێ یاساکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقە، ئێمە وەکو هەرێم پێداگیری دەکەین ڕەشنووسەکە بە هەماهەنگی ئێمە و ئەوان ئامادەبکرێت نەک فەرزی ئیرادەمان لەسەر بکرێت، ڕەشنوسێکمان بخەنەبەردەم و داوای ڕای ئێمە بکەن، بۆیە پێویستە بەپێی تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی کاربکرێت، هەر ڕەشنوسێک لە عێراق دەربچێت بە هەماهەنگی هەرێم و بەغدا بنووسرێت .
سوبحی باسی لەوەشکرد: ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لە پەرلەمان، لۆبی دروست دەکەین و لەناو ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی خۆمان کار دەکەین، لە هەر وێستگەیەکی ئامادەکردنی یاساکە تا دەگاتە پەرلەمان کاری لەسەر دەکەین، هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت، ئەو یاسایە پێویستی بە تەوافق و ڕێککەوتن هەیە و ئێمە داواکاری خۆمان لە ڕێگەی شاندی حکوومەتی هەرێم خستۆتە ڕوو و داواکراوە و پێویستە ڕەشنوسەکە بە هەماهەنگی هەرێم و بەغدا بنووسرێت .

Back to top button