لەبارەی دەست بەرداربوون لە خانەنشینی ئارەزوومەندانە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن یەکتر شەرمەزار دەکەن

گۆڤەند سەرکەش-خۆر
دوای ئەوەی فۆڕمی دەستبەرداربوونی ئارەزوو مەندانەی خانەنشینی بەسەر پەرلەمانتاران بڵاو دەکرێتەوە، فڕاکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن یەکتر بە موزایەدەکانی پێشتریان شەرمەزار دەکەن.

لە ڕێکەوتی ١ / ٧ / ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەپێی پڕۆژە یاسای چاکسازی پەرلەمانتاران بەشێوەی ئارەزومەندانە دەتوانن دەست بەرداری مووچەی خانەنشینی بن، بەهۆی موزایەدەکانیان لە ڕابردوو پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن کەوتوونەتە دۆخێکی شەرمەزاریەوە، کەلەلایەک نایانەوێ فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، لەلایەکی دیکەش ڕووبەڕووی قسەکانی ڕابردوویان لەبارەی مووچەی خانەنشینی دەکرێنەوە.

بەگوێرەی خاڵێکی چاکسازییەکە، ئەندام پەرلەمان دەتوانێت خانەنشین بێت، بە مەرجێک تەمەنی 45 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، بەپێی زانیاریەکان، جگە لە چەند ئەندام پەرلەمانێک هیچ کام لە پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەست بەرداری خانەنشینەکانیان نەبوون، ئەمە دوای ئەوە دێت کە چەندین ساڵە باس لە نادادپەروەری مووچەی خانەنشینی دەکەن.
بەڕای چاودێران قسەکانی ڕابردوویان تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵکی خۆیان بووە.
لەم بارەیەوە چوار پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند کە ئەوان دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی خۆیان بوون، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەوەش موزایەدەیە.
لەمبارەوە د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان هێرشی کردە سەر فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەم کارەیانی بە فریودانی خەڵک دانا، گووتیشی “هیچ کام لەو پەرلەمانتارانە مەرجی یاساییان تێدانیە بۆ وەرگرتنی خانەنشینی پەرلەمانتاری”، بەڵام خۆشی باسی ئەوەی نەکرد کە وەکو فراکسیۆنی یەکگرتوو دەست بەرداری خانەنشینی دەبن یاخود نا

Back to top button