لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان “هەولێر . دهۆک” ئۆڤەرپاسێک بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک ئاشکرایکرد: بڕیارە ئۆڤەرپاسێک لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان دهۆک و هەولێر بەناوی ئۆڤەر پاسی مەلا بروان،  بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دروست بکرێت.

مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک، سەر بە قەزای شێخان، ڕایگەیاند: پلان و بەرنامە دانراوە بە هاوکاری قایمقامیەتی شێخان ئۆڤەرپاسی مەلا بروانە دروستبکرێت، لە سەردانی سەرۆک بارزانیش بۆ دەڤەرەکە لە شێخان داوایان لێی کرد ئەو ئۆڤەرپاسە دروست بکرێت، سەرۆک بارزانیش پشتگیری لەو پڕۆژەیە کرد، چونکە ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە و هاتوچۆیەکی زۆری لەسەر دەکرێت و دەکەوێتە سەر ڕێگای  “دهۆک – هەولێر”.

مەهران نێروەیی گوتیشی: ئەو ئۆڤەرپاسە سودی زۆری بۆ قەسرۆکیش دەبێت، خۆی دوو ئۆڤەر پاسە یەکێک  گوژمەکەی 15بۆ 16 ملیار دینارە و کاتی پێویستە، ئەوەی ئێمە داوامان کردووە ئێستا دروست بکرێت گوژمەکەی 5 ملیار دینارە و خزمەتێکی باشی ناوچەکە دەکات و ڕووداوی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە، بۆیە هەرکاتێک پارە تەرخان بکرێت دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

Back to top button