لەسەر هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتە دەنگ

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

لەسەر بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان و هێرشکردنە سەر دام و دەزگا حکوومی و حزبیەکان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هاتەدەنگ و پەیامێکی بڵاوکردەوە .

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ چه‌ند شارو شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان خۆپشاندان به‌ڕێوه‌ چوو له‌لایه‌ن چین و تووێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاو مووچه‌ خۆران و فه‌رمانبه‌ران، كه‌ داوای موچه‌كانیان و باشتركردنی ژیانیان ده‌كردو سه‌ره‌تا خۆپیشاندانه‌كان به‌هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاری كراو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان گۆڕاو گرژی تێكه‌وت و كوژراوو برینداربوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی و ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ندان باڕه‌گاو بینای حكوومی و شوێنی گشتی سوتێنران.
دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە هاتە دەنگ و چەند خاڵێکی خستووەتە ڕوو:-
1 – ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و به‌نده‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ، خۆپیشاندان وه‌ك مافێكی ئاسایی و یاسایی هاووڵاتیان ده‌بینی له‌پێناو دابینكردنی داواكاریه‌كان و ئامانجێكی دیاری كراو له‌ چوارچێوه‌ی یاساو رێنماییه‌كان و دوور له‌ توندوتیژی و ئاژاوه‌ گێڕی و دوور له‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵ و موڵكی تایبه‌ت و گشتی و له‌هه‌مان كاتدا پاراستنی هاووڵاتیانی خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و پۆلیسی چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌و سۆنگه‌وه‌ پاڵپشتی له‌هه‌موو چالاكیه‌كی مه‌ده‌نی و یاسایی ده‌كه‌ین كه‌ ئامانج لێی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی هاووڵاتیان بێت له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی و دابین كردنی موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كان و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا.
2- داوا ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ پێناو دابین كردنی موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی موچه‌ خۆران و ڕه‌خساندنی هه‌لی كارو بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و دابین كردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییش ئه‌ركی ده‌ستوری خۆی جێ به‌جێ بكات له‌ دابین كردن و ناردنی به‌شه‌ بودجه‌و موچه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌مافی هاووڵاتیان به‌ پێ ی ده‌ستوری عێڕاق.
3- داواش له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین به‌ هه‌ستیاری و هه‌ست كردن به‌ لێپرسراوێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن و هه‌موولایه‌ك هاوكار بن له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌و گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی دوور له‌ خیتابی توندڕه‌وی و هاندان و له‌پێناو زیاتر ئاڵۆز نه‌كردنی دۆخه‌كه‌.
4- ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌یه‌كه‌م ساتی خۆپیشاندانه‌كان چاودێری بارودۆخه‌كه‌ی كردووه‌و نووسینگه‌كانی ده‌سته‌مان ڕاسپێردراون بۆ به‌دواداچون و چاودێری كردنی خۆپیشاندانه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژی پێنجه‌شمه‌ 10 ی دیسێمبری 2020 به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و بارودۆخه‌و چه‌ند پرسێكی تره‌وه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ساز ده‌كات له‌ دیوانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كاتژمێر (12،30) و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بۆ ڕای گشتی.

Back to top button