لەلایەن مستەفا کازمیەوە مووچەی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رادەگیرێت

سەرکەوت شەمسەدین و رابوون مەعروف مانگانە بەناوی پاسەوانەوە پانزە ملیۆن دیناریان وەرگرتووە
مووچەی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا بە بڕیاری مستەفا کازمی رادەگەیرێت و بەپێی زانیاریەکانی ((خۆر)) مانگانە بەناوی پاسەوانی وەهمیەوە بڕی ١٥ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
بەپێی زانیاریە تایبەتەکان، هەریەک لە سەرکەوت شەمسەدین و رابوون مەعروف ١٠ پاسەوانی وەهمیان هەبووە کە لەوەتەی بوونەتە پەرلەمانتاری عێراق مانگانە بڕی ١٥ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و لەسەرەتا بەشێکیان لەو پارەیە داوەتە شاسوار عەبدولواحید دواتر کە لێی جیابوونەتەوە هیچ بڕە پارەیەکیان نەداوەتێ، کێشەی سەرەکی نێوانیان بۆ جیابوونەوە لە شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ بەهۆی پێدانی ئەو پارەیەوە بووە.
سەرکەوت ئەمسەدین کە پێشتر ئەوەشی لێ ئاشکرابوو کە بڕوانامەکەی ساختەیە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەیووت ماستەری هەیە، ئێستا یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی کە لەلایەن دوژمنانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دژایەتی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
رابوون مەعروف کە پێشتر یەکێتی بووە و بووەتە گۆڕان و دواتر بووە بە نەوەی نوێ، تۆمەتبارە بە چەندین بابەتی گەندەڵی و لە هەر حزبێک وازی هێنابێت بڕە پارەیەکی لەو حزبە بردوە.
عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پێشتر پێیان وابووە ئەوانەی دەبنە جاش لە نەزانی و ناهۆشیاری و نەخوێندەوارییەوەیە، بە جۆرێك ئەگەر ئاستی هۆشیاریی ئەوان بەرز ببێتەوە، لە كۆڵ میلەتەكەیان دەبنەوە، بەڵام جاشەکانی ئەم سەردەمە مۆدێلێکی دیکەن.
پێشتر هەریەک لە رابوون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدین،بە تۆمەتی ڤیدۆگرتنەکەی شاسوار عەبدولواحید لە کابینەکانی چاڤی گەشتیاری لە نەوەی نوێ جیابوونەوە، بەڵام ((خۆر)) لە سەرچاوەی بڕوا پێکراوەوە زانیویەتی کە گرفتی ئەو دوانە تەنیا دەستکەوت و پارەیە و هیچ مەبدەئێکی سیاسیان نیە.

Back to top button