لەم نزیکانە خاڵی سنووریی زێتێ دەکرێتەوە

قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئاشکرای کرد، کارکردن لە خاڵی سنووری زێتێ لە قۆناغی کۆتاییدایە و چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگە بکرێتەوە و لە قۆناغی یەکەم بۆ گەشتیاری دەبێت و دواتریش دەکرێتە بازرگانی کە سوودێکی زۆری بۆ دەڤەرەکە دەبێت.

غەفور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ڕایگەیاند: ”ئێمە بەردەوام کار لە خاڵی سنووریی زێتێ دەکەین و هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی نزیکدا بیکەینەوە، چونکە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییی کردنەوەی خاڵی سنووریداین کە ڕێگاکە دروست کراوە و تێکەڵەڕێژیش کراوە و تەنها ماوە قێرتاو بکرێت و لە خاڵی سنووریش ئیدارە و پێداویستی بۆ دابین کراوە و ئامادە کراوە و لەم هەفتەیەدا تەواو دەبێت، بۆیە تەنها ماوە ڕۆژێک بۆ کردنەوەی دیاری بکرێت، ئەویش هەوڵ دەدرێت لەم مانگەدا بێت.”

غەفور ئەحمەد گوتیشی: ”لە قۆناغی یەکەمی کردنەوەیدا ئەو خاڵی سنوورییە تەنها بۆ هاتوچۆی گەشتیاری دەبێت و دواتر دەبێتە بازرگانییش، بۆیە ئێمە کاری خۆمان کردووە و ئەوانیش کاری خۆیان لە دیوی خۆیان کردووە.”

ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ”کردنەوەی ئەو خاڵە سنوورییە سوودی زۆری بۆ دەڤەرەکە هەیە لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و گەشتیاری و بازرگانی و هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان، بۆیە بە هەموو جۆرێک سوودی هەیە.”

گوتیشی: ”پێشتر ئەو ناوچەیە موحەڕەمە بوو، ئەویش ئاوەدان دەکرێتەوە کە نزیکەی 60 گوند هەیە ئاوەان نەکراونەتەوە، بەڵام بە کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە وەکوو سەرەتا چەند گوندێک ئاوەدان دەبنەوە.”

Back to top button