لەڕۆژی ئاڵادا ڕێزدار مەسرور بارزانی داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

لەیادی ڕۆژی ئاڵادا، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕادەگەیەنێت نابێت شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانی بەهیچ بیانوییەک بشکێندرێت.

ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی یادی ئاڵای کوردستان، رۆژی ئاڵای کوردستانی لە “پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو خەڵکی کوردستان” پیرۆزکرد و رایگەیاند “ئەم ئاڵایە، ئاڵا و هێما و سیمبوولی خەبات و قوربانیدان و پێناسەی نیشتمانیی گەلەکەمانە، ئەم ئاڵایە بووەتە دوا بەرگی جەستەی هەزاران شەهید، ئەم ئاڵایە لە کاتێکدا لەلایەن پێشەوا قازی رادەستی سەرۆکی نەمرمان مستەفا بارزانی کرا دواتر لەسەر لووتکەی هەموو شاخەکانی کوردستان هەڵکرا و بەرزراگیرا. لە ژێر سەرکردایەتی و رابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە کۆشک و تەلار و پایتەختی وڵاتانی دونیا هەڵکرا و رێزی لێگیرا.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاڵای کوردستان بە “هێمای نەتەوەیی و نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئایینی نەتەوەی هەموو خەڵکی کوردستان” ناوبرد و راشیگەیاند “ئاڵای کوردستان بووەتە هێمایەک بۆ پێناسەکردنی پێکەوەژیانی گەلان لە کورستان و بووەتە هێمایەک بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی پەنایان هێناوەتە بەر کوردستان، چونکە کوردستان بە خاکی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئازادی ناسراوە.”

مەسرور بارزانی، ئاماژە بەوەش دەدات کە پێویستە ئاڵای کوردستان بەرزرابگیرێت و “نەهێڵین بەهیچ شێوەیەک شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانییمان بە هەر بیانویەک بێت بشکێت.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە نەوەی داهاتووی هەرێمی کوردستان و گەنجەکان کرد کە “بزانن لە پێناو ئەم ئاڵایە و شکۆی نەتەوەییمان چ قوربانییەک دراوە. چونکە شکۆی نەتەوەییمان نە پارە دەکڕێت و نە بەپارەش دەفرۆشرێت. شکۆیەکە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە دی. ” دەستخۆشیشی لە پێشمەرگەکان کرد و راشیگەیاند “دەستی دایکی هەموو ئەو شەهیدانە ماچ دەکەم کە لە پێناو بەرزراگرتنی ئەم ئاڵایە خەباتیان کردووە و قوربانیان داوە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد کە “لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە و بەیەکەوە بەرگریی لە دەستکەوتەکانمان بکەین و خەبات بکەین بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ هەموو گەل و نەتەوەکانی کە لە کوردستان دەژین.”

ساڵانە لە رۆژی 17ی کانوونی یەکەمدا خەڵکی کوردستان بە بۆنەی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئاهەنگ و رێوڕەسم سازدەکەن.

Back to top button