لەگەڵ کاری قاچاخچێتی لە دەروازەی سنوری پەروێزخان قەپانی نایاسایی دانراوە

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

جیا لەبەردەوامی کاری قاچاخچێتی لە دەروازە سنوریەکانی سنووری سلێمانی، بەرپرسانی دەڤەری گەرمیان قەپانێکی نایاساییان داناوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەت و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر )) کەوتون، لە شارەدێی قەرەتوو سنوری نێوان گەرمیان و دەروازەی سنوری پەروێزخان، لەلایەن چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتووەوە قەپانێکی نایاسایی دانراوە کە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان ناچار دەکرێن لەو شوێنە بارەکانیان کێش بکەن، بەپێی قورسایی بارەکانیان پارەیان لێ وەردەگرن.
هەر بەپێی زانیاریەکانی (( خۆر )) داهاتی ئەو شوێنە نایاساییە بۆ چەند بەرپرسێکی دەست ڕۆیشتووی سەر بە لایەنێکی دیاری کراوی ئەو دەڤەرە دەڕوات.
كه‌ریم عه‌لی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بەمیدیاکان ڕاگەیاندوە دوای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ شێوه‌ی نایاسایی قه‌پان بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ شۆفێران دانراوه‌ ، بۆیه‌ دۆسیه‌كه‌مان داوه‌ته‌ دادگای خانه‌قین.
شایانی باسە جیا لەوەی کە قەپانەکە نایاساییە پارەی زیاتریش لە قەپانە فەرمیەکان وەردەگرن و بۆ هەر بارێک زیاتر لە پێنج هەزار دیناری عێڕاقی وەردەگیرێت، ئەمەش بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگر کە لەو ناوچەیە هاتووچۆ دەکەن.

Back to top button